"کوردایەتی خۆتان مەفرۆشن"
خوێندکاران و مامۆستایانی کۆیە بۆ پاڵپشتی لە کوردانی رۆژئاوا گردبوونەوە
964+
دەریا ئەحمەد – کۆیە
خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی کۆیە بۆ پاڵپشتی لە کوردانی رۆژئاوای کوردستان گردبوونەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕی.
د. رێبوار جەبار مامۆستا لە بەشی یاسای زانکۆی کۆیە و شارەزای یاسای نێودەوڵەتی قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “پێویستە لەم کاتەدا رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێنە دەنگ و هەموو هەوڵێک بدەن بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانەی لەلایەن پاشماوەکانی داعشەوە دەکرێتەسەر ناوچەکانی کوردستان”.
“ئەوەی لە رۆژئاوای کوردستان روودەدات بە مانای وشە جینۆسایدە و چونکە ئەو گروپانە چینێکی دیاریکراویان کردووەتە ئامانج”، د. رێبوار جەبار وادەڵێت.
خوێندکارێکی زانکۆی کۆیەش داوا لە هەموو تاکێکی کورد دەکات لەم کاتەدا جیاوازییەکان وەلا بنێ، ئەو دەڵێت،”کوردایەتی خۆتان مەفرۆشن و با نەوەستین لە باسکردنی مەینەتییەکانی گەلی کورد”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری