زیندانی شەدادە کە ژمارەیەک چەکداری داعشی تێدا راگیراوە
"هاوپەیمانان خۆیان بێدەنگ كردووە"
هەسەدە: بەندیخانەی شەدادە لە دەست ئێمە نەما و سەدان چەكداری داعشی تێدایە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
هێزەكانی سوپای سوریای دیموكراتی “هەسەدە” راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا بە روونی ئاماژە بەوە دەكەن، بەندیخانەی شەدادە، كە سەدان گیراوی داعشی تێدایە، لە دەستی ئەوان نەما و كەوتە دەست هێزەكانی سەر بە حكومەتی سوریا.
راگەیاندراوەكەی هەسەدە ئەمڕۆ دووشەممە 19.1.2025 بڵاوكرایەوە و دەڵێن، “لە بەیانیی زووی ئەمڕۆوە بەندیخانەی شەدادە چەندین هێرشی كراوەتەسەر، كە هێزەكانی سەر بە حكومەتی دیمەشق ئەنجامیانداوە، هێزەكانی ئێمە چەند جارێك هێرشەكانی ئەوانیان شكاند و بەدەیان شەهید و بریندارمان داوە، ئەمەش لە پێناو ئەوەی كارەساتێكی ئەمنی روونەدات”.
هەروەها هێزەكانی سوریای دیموكراتی دەڵێن، “هەرچەندە بەندیخانەكە نزیكەی دوو كیلۆمەتر لە بتكەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دوورە و چەند جارێك بانگەوازی هاتنەپێشی ئەوانمان كردووە، بەڵام ئەوان وەڵامیان نەبوو و نەهاتنەپێشەوە، بۆیە ئێمە بە رای گشتی رادەگەیەنین، كە بەندیخانەی شەدادە ئێستا لە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی ئێمەدا نییە”.