لۆفەکانی سپیلک؛
بارهەڵگرێک وەرگەڕا و 6 ئۆتۆمبێلی سفر کیلۆمەتری وێران کرد
964+
ئاکام غەفور- سۆران
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە لۆفەکانی سپیلک بارهەڵگرێک کە بارەکەی ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز بوو وەرگەڕا، بەهۆیەوە سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان زیانى زۆریان بەرکەوت، بەڵام شۆفێرەکە بە سەلامەتی رزگاری بوو.
وردەکاریی ڕووداوەکە:
بارهەڵگرەکە شەش ئۆتۆمبێلی (سفر کیلۆمەتر)ی بارکردبوو، لە لۆفەی یەکەمی سپیلک کۆنترۆڵی لەدەستداوە و هەڵدێراوە.
رووداوەکە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام بارهەڵگرەکە و هەر شەش ئۆتۆمبێلەکەی سەری زیانى زۆریان بەرکەوتووە.
بەپێى زانیارییەکانى پەیامنێرى 964، ئەو شوێنەی ڕووداوەکەی تێدا بووە، لۆفەی یەکەمە لەو شوێنەی رێگەی جووتسایدەکە تەواو دەبێتـ بەهۆی ئەوەی زۆرجار شۆفێران وا دەزانن جووتسایدەکە بەردەوامە، لەو لۆفەیەدا ناتوانن کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکانیان بکەن و تووشی وەرگەڕان دەبن.
بەدواداچوونێکى پێشوترى 964 لەبارەى ئەو لۆفەیە:
یەکەم لۆفەی سپیلک رۆژ نییە روداوی هاتوچۆی لێ نەبێت، هەرچی دێت ناگەڕێتەوە و خۆی دەکێشێت بە راگری تەنیشتی رێگاکە.
لۆفەکە دەکەوێتە کۆتایی جوتسایدی سپیلک، شۆفێران کە لە خەلیفانەوە بەرەو هەریر دێن بە خێرایێکی زۆر لێدەخوڕن، تەنها لە دوو رۆژی رابردوو چوار روداوی هاتوچۆی رویداوە لە پێچەکە، بەشی زۆری روداوەکانیش لە دەستدانی کۆنتڕۆڵە لەلاین شۆفێران.
محمەد سدیق، شۆفێری تەکسیە و بۆ 964 دەڵێت،” رۆژانە بەم رێگایە هاتوچۆ دەکەم کەم جار هەیە نەبینم لێرە روداوی هاتوچۆ رووی نەدابێت، ئەگەر لۆفەکە فراوانتر بکرێت ئەوە روداوەکان کەم دەبنەوە”.
مفەوەز دلێر عەلی، رێپێدراوی هێڵکاری لە هاتوچۆی هەریر، بە 964ـی وت، هەر کاتێک پەیوەندیمان پێوە دەکرێت بە بوونی روداوی هاتوچۆ لە پێچەکانی سپیلک پێش هاتنمان دەزانین روداوەکە لەو لۆفەیە، شۆفێران بە خێرایێکی زۆر دێن ئەمەش هۆکاری ئەو هەموو روداوی هاتوچۆیەیە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح