سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی
لەبارەى مەرسومەکەى ئەحمەد شەرع
نێچیرڤان بارزانی: داننان بە کورد هەنگاوێکی راستە و دەبێت بچێتە دەستوورەوە
964+
وریا فەتاح
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مەرسومەکەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا دەکات بۆ داننان بە مافەکانی کورد و بە “هەنگاوێکی راست بۆ بنیادنانی سووریای نوێ” ناوی دەبات.
سەرۆکی هەرێم لە هەژماری فەرمی خۆی بڵاویکردەوە، کە بە بایەخەوە لەم بڕیارە دەڕوانن و جەخت دەکاتەوە کە رێزگرتن لە فرەیی و یەکسانی، سەرچاوەی هێزی سووریایە نەک پەرتەوازەیی.
سەرۆکى هەرێم وتوشیەتى،؛ “بەهای تەواوەتی ئەم بڕیارانە بەوە دەگاتە ئەنجام کە بکرێتە یاسای بەرکار و لە دەستووری داهاتووی سووریادا جێگیر بکرێت، بۆ ئەوەی بپارێزرێت و بەردەوام بێت.”
پشتیوانی خۆیشى بۆ دەوڵەتێکی سووریا دەربڕی کە هەموو پێکهاتەکان بێ جیاکاری لەخۆ بگرێت و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد، دوور لە توندوتیژی کار بۆ جێبەجێکردنی ئەم مەرسومە بکەن و بڕیارەکان لەسەر ئەرزی واقیع بەرجەستە بکەن.
ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی هەرێم دوای ئەوە دێت کە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا مەرسومێکی فەرمی بۆ ناساندنی کورد وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەنی سووریا دەرکرد.
دەقى پەیامەکەى سەرۆکى هەرێم:
پێشوازی لەو مەرسومە دەکەم کە دوێنێ فەخامەتی سەرۆک ئەحمەد شەرع سەرۆکی کۆماری سوریا دەریکرد بۆ داننان بە کورد وەک پێکهاتەیەکی رەسەن و پارێزگاری لە مافەکانیان، ئەمە هەنگاوێکی سیاسی و یاسایی گرنگ و راستە بۆ بنیادنانی سوریای نوێ و پاراستنی مافی هەمووان.
رێزگرتن لە فرەیی و یەکسانی دەبێتە سەرچاوەی هێز نەک هۆکارێک بۆ پەرتەوازەیی، ئەمەش کۆڵەکەی سەرەکی ئارامی و ئاشتییەو پێکەوە ژیانی نیشتیمانی بەهێز دەکات.
لە کاتێکدا بە بایەخەوە لەم مەرسومە دەڕوانین، جەخت لەوە دەکەینەوە بەهای راستەقینەو تەواوی ئەم بڕیارانە بەوە تەواو دەبێت کە بگۆڕدرێت بۆ یاسای بەرکارو لە دەستووری داهاتووی سوریادا جێگیر بکرێت بۆ ئەوەی بپارێزرێت و بەردەوام بێت.
ئێمە پشتیوانی هەر هەوڵێک دەکەین بۆ بنیادنانی دەوڵەتی سوریا کە هەموو پێکهاتەکان لە خۆ بگرێت بەبێ جیاکاری و پەراوێزخستن، تیایدا مافی سیاسی و کەلتوری بۆ هەمووان دەستەبەربێت و پارێزراو بێت، بەهۆی ئەمانەوە ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە بەرقەرار دەبێت.
بۆیە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین پێکەوە کار بکەن دوور لە توندوتیژی، رێوشوێنی روون بدۆزنەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەم مەرسومەو بیگۆڕن بۆ سیاسەتی بەرجەستەکراوو لەسەر ئەرزی واقیع کاری پێ بکرێت، هەمانکات ئامادەیی هەرێمی کوردستان دوپات دەکەینەوە بۆ هەر جۆرێک لە هاوکاری لە پێناوی چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی.