شارەوانی سلێمانی چوار قەبری لە گۆڕستانی ئابڵاخ گواستەوە – وێنە: سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی
بەهۆی بەفر و بارانەوە زیانیان بەرکەوتبوو
شارەوانی سلێمانی چوار قەبری لە گۆڕستانی ئابڵاخ گواستەوە
964+
شۆڕش قادری
دوو رۆژ پێش 964 راپۆرتێکی لەسەر داڕمانی بەشێک لە گۆڕستانى ئابڵاخ لە سلێمانی کرد، کە بەهۆی بەفر و بارانەوە داڕوخابوو و چەند گۆڕێک زیانیان بەرکەوتبوو، ئەمڕۆ سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی گۆڕەکانی گواستەوە.
بەشێک لە گۆڕستانى ئابڵاخ داڕوخاوە
ئەمڕۆ شەممە 17.1.2026 سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، پاش ئەو شەپۆلە بەفر و بارانەی هەفتەی رابردوو شاری سلێمانی گرتەوە، بەهۆیەوە زیان بە چەند قەبرێک گەیشت لە گۆڕستانی گردی ئابڵاخ.
ئاماژە بەوەشکراوە، تیمەکانیان لە لیژنەی سەرقەبرانەکانی سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی بە ئامادەبوونی نوێنەری ئاسایش و پۆلیسی چوارچرا، پاڵپشت بە جێبەجێکردنی ڕێوڕەسمە ئاینییەکان، بەمەبەستی ڕێگریکردن لە رۆچوونی ئەو قەبرانە لە داهاتوودا، هەستاون بە گواستنەوەی چوار قەبر لە گۆڕستانەکە و پاشان ڕادەستکردنەوەیان بە خاک لە جێگایەکی دیکەی پارێزراو لەهەمان گۆڕستاندا.