دیمەنی سەربڕخانەکە
"ئاسایش ئاگاداری کردین"
سەربڕخانەیەکی قاچاخ لە تانجەرۆ دەستی بەسەرداگیرا
964+
ئەحمەد مستەفا
لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، لەسەر بنەمای زانیاریی هێزە ئەمنییەکان، دەستیان بەسەر شوێنێکی بەخێوکردنی ئاژەڵدا گرت لە ناوچەی تانجەرۆ کە بەشێوەیەکی نایاسایی و قاچاخ ئاژەڵی تێدا سەر بڕدراوە.
بەرپرسی ئەو لیژنەش، هۆشداریی دەداتە خاوەن چێشتخانەکان لە بەکارهێنانی گۆشتی بێ مۆر.
بە گوێرەی راگەیەندراوی قایمقامیەت، ئەمڕۆ پێنجشەممە بێوەی ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی دوو رایگەیاندووە، دوای ئەوەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانییەوە زانیارییان پێ گەیشتووە سەبارەت بە بوونی سەرپێچییەک، لیژنەکانیان سەردانی ناوچەی تانجەڕۆیان کردووە. لە ئەنجامدا دەرکەوتووە کە لە خانێکی بەخێوکردنی ئاژەڵدا، بە شێوەیەکی نایاسایی و بەدەر لە رێنمایی تەندروستی و ڤێتێرنەری، کاری سەربڕینی ئاژەڵ ئەنجام دەدرێت.
لە کاتی گەیشتنی لیژنەکە بۆ شوێنی مەبەست، دەست بەسەر ئاژەڵێکی سەربڕدراودا گیراوە کە خاوەنەکەی بەنیاز بووە گۆشتەکەی بگوازێتەوە بۆ بازاڕ. بەهۆی ئەوەی گۆشتەکە لە دەرەوەی کوشتارگە سەربڕدراوە و پشکنینی بۆ نەکراوە، دەستبەجێ دەستی بەسەردا گیراوە و بە مەبەستی لەناوبردنی، رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەریی سلێمانی کراوە.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، بێوەی ئەحمەد هۆشداریی دایە سەرجەم خاوەن چێشتخانە، رێستۆرانتەکان و ئەو شوێنانەی گۆشت لە دروستکردنی خواردندا بەکاردەهێنن و رایگەیاند، لیژنەکان لە سەردان و پشکنینەکانیان بۆ هەموو ئەو شوێنانە بەردەوام دەبن، لە کاتی هەبوونی هەر بڕە گۆشتێکی بێمۆر لەو شوێنانەدا، واتە ئەو گۆشتەی کە لەلایەن کوشتارگەی سلێمانییەوە پشکنینی بۆ نەکراوە و مۆری لێ نەدراوە، شوێنەکە دادەخرێت و خاوەنەکەشی ڕووبەڕووی توندترین ڕێکاری یاسایی دەکرێتەوە.
