چاوەڕوانی بارانبارین گەنمی هەندێک ناوچەی وشک کردووە

964+

فەهمی نەبی

بەهۆی کەمیی رێژەی بارانبارین لە قەراج و کەندێناوە، ئەمساڵ کێشە بۆ گەنمی جوتیاران دروست بووە، جوتیارێکی قەزای مەخموور دەڵێت “لە ئێستاوە دەست لە گەنمی ناوچە گەرمەسێرەکان بشۆن””.

سەید عومەر جوتیارێکی قەزای مەخموورە، بۆ تۆڕی 964 قسەی کرد دەڵێت “لە دەشتی هەولێر ئەگەر تا پازدە رۆژی دیکەش باران ببارێت سوودی دەبێت بۆ گەنم، بەڵام لە ناوچەی قەراج تازە بارانیش ببارێت سوودی نابێت”.

لە هەرێمی کوردستاندا بۆ چاندنی گەنم دوو شێواز هەیە، جۆرێکیان پشت بە باران دەبەستێت، پێی دەوترێت دێمی، ئەوەی دیکە بە مەڕەشەیە، واتا بە ئامێری دەستکرد خۆت گەنمەکە ئاو دەدەی.

بە قسەی سەید عومەر، لە سنووری مەخموور لەهەر 10 جوتیارێک، یەک جوتیار بۆ بەرهەمی گەنم پشت بە مەڕەشە دەبەستێت.

رابەر فەتاح دکتۆرای هەیە لە ئەندازیاری کشتوکاڵی، بە 964ی وت، “باران لەوە زیاتر دوابکەوێت نەک هەر قەراج و کەندێناوە، بەڵکو دەشتی هەولێریش روبەڕووی وشکبوونی گەنم دەبێتەوە”.

بە وتەی رابەر فەتاح، ئێستا بارانبارین بۆ گەنم گرینگە، چونکە لە بەهاردا قۆناغی پڕبوونی گەنم دەستپێدەکات، بارینی باران بە هێواشی بۆ ماوەی دوو هەفتە لەسەر یەک، قۆناغی مەترسی تێدەپەڕێنێت.

بە گوێرەی ئامارێکی سایلۆی مەخموور، لە ساڵی 2022 بڕی 100 هەزار تۆن گەنمی ناوچەی مەخموور کە بە مەڕەشە پێگەیشتبوو لە سایلۆی ئەو قەزایە وەرگیرابوو.