ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم:

“با بەغدا موچەکانی مانگی 11 و 12 بنێرێت”

964+

شۆڕش قادری

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات هەردوو موچەی مانگی 11 و 12ـی ساڵی رابردوو و موچە خەرجنەکراوەکانی ساڵانی 2023 و 2024 خەرج بکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 14.1.2026 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم یەکەمین کۆبوونەوەی لە ساڵی تازەدا ئەنجامدا و کەمێک لەمەوبەر راگەیەنراوی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پوختەی دۆخی دارایی ساڵی 2025 کراوە و بارودۆخی دارایی هەرێم بۆ ساڵی دارایی 2026 و کارکردن بۆ خەرجکردنی موچە دواکەوتووەکانی هەرێم و شایستە داراییەکانی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە، تاوتوێ کراوە.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردووەتەوە کە، “پێویستە حکومەتی فیدراڵ هەردوو موچەی مانگی 11 و 12ـی ساڵی رابردوو و موچە خەرجنەکراوەکانی ساڵانی 2023 و 2024 خەرج بکات کە بێ هیچ بیانوو و هۆکارێکی یاسایی و دەستووریی نەیناردوون، چونکە موچە مافی یاسایی و شایستەی موچەخۆرانی هەرێمە و حکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان دەستبەرداریان نابێت”.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دووپاتیشیکردووەتەوە کە بۆ ساڵی دارایی داهاتوو، دەبێت لە یاسای بودجەی فیدراڵیی حکومەتی فیدراڵ، بەشەبودجەی کوردستان دەستنیشان بکرێت و وەزارەتی دارایی فيدراڵ پابەند بکرێت کە بەشەبودجەی هەرێم بنێرێت وەک هەرێمێکی دەستوری و فیدراڵی.

دەقی راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە خوارەوە؛

ئەمڕۆ چوارشەممە 1/14، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان یەکەمین کۆبوونەوەی ساڵی نوێی ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی پوختەی دۆخی دارایيی ساڵی 2025 کرا و بارودۆخی دارایيی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی دارایيی 2026 و کارکردن بۆ خەرجکردنی مووچە دواکەوتووەکانی هەرێم و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایيی حکومەتی فیدراڵەوە، تاووتوێ کرا.

لەمبارەیەوە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، ڕاپۆرتێکی ورد و پڕ لە زانیاریی دۆخی دارایی خستەڕوو سەبارەت بە داهات وخەرجیەکانی ساڵی دارایی 2025 و پێشبینی و ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی دارایی 2026.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ هەردوو مووچەی مانگی یازدە و دوازدەی 2025 و مووچە خەرجنەکراوەکانی ساڵانی 2023 و 2024 خەرج بکات کە بێ هیچ بیانوو و هۆکارێکی یاسایی و دەستووریی نەیناردوون، چونکە مووچە مافی یاسایی وشایستەی مووچەخۆرانی هەرێمە و حکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان دەستبەرداریان نابێت، هەروەک دادگای باڵای فیدڕاڵیش جەختی لێ کردەوە کە پێویستە بابەتی مووچە تێکەڵی ناکۆکییەکان نەکرێت ، بە تایبەتیش کە هەرێمی کوردستان سەرکەوتووانە، ڕێكکەوتنامەی سێ لایەنی هەناردەی نەوتی جێبەجێکردووە و ڕۆژانە بە تێکڕایی 220 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ کراوە و لە بازاڕی جیهانیی فرۆشراوە و داهاتەکەی بە کاش لە گەنجینەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، وەک داهاتی کۆتایی تۆمارکراوە، ئەمە سەرەڕای ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتیەکانی هەرێمی کوردستان و ڕەوانەکردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بەڵام سەڕەڕای هەموو ئەمانەش ، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، هیچ پارەیەکی لە تەرخانکراوەکانی هەرێم بۆ خەرجی بەکاربردن و وەبەرهێنان لە یاسای بودجەی عێراق خەرج نەکردووە، هەرچەندە تەرخانی داراییش هەبووە.

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها دووپاتی کردەوە کە بۆ ساڵی دارایيی داهاتوو، دەبێت لە یاسای بودجەی فیدڕاڵیی حكومەتی فیدراڵ، بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکرێت و وەزارەتی دارایيی فيدراڵ پابەند بکرێت کە بەشەبودجەی هەرێم بنێرێت وەک هەرێمێکی دەستووری و فیدراڵی کە بە پێی دوایین سەرژمێريی عێراق کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە ئەنجامدرا، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم زیاتر لە 14 ٪ ە و دەبێ بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بە پێی ئەو ڕێژەیە دەستنیشان بکرێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی بەرەوپێشچوون و بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی سێ لایەنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا کە لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2025 ، بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ کراوە و ڕێککەوتنەکەش بەردەوامە و نوێش کراوەتەوە.
لەم ڕووەوە، کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان ، داتا و زانیاری پێویستی لەبارەی بڕی نەوتی هەناردەکراو و داهاتی بەدەستهاتووی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران لیژنەی دانوستانی ڕاسپارد ، چوارچێوەی دەستووریی و یاسایی و دارایی بۆ ڕێکخستنەوەی بابەتی بوودجە وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پشت بە ماف ودەسەڵاتە دەستووریەکانی هەرێم ئامادە بکات و بکرێتە بنەمای گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدڕاڵ و لە ئێستاشەوە، لیژنەی دانوستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیرە کوردەکان لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ کاربکەن لە پێناو دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم و بە تایبەتیش مووچە و شایستەداراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم.

هەروەها هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و سامانە سروشتییەکان و شاندی دانوستانکار ڕاسپێردران کە بەردەوام بن لە جێبەجێکردنی پابەندییەکان و هیچ بیانوو و پاساوێک بۆ حکومەتی فیدڕاڵیی نەهێڵنەوە بۆ دواخستنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم.

دابەشكردنی موچەی مانگی یەكی 2026 لە عێراق دەستپێدەكات

دابەشكردنی موچەی مانگی یەكی 2026 لە عێراق دەستپێدەكات

ساڵی نوێ و دوو موچەکەی فەرمانبەران

ساڵی نوێ و دوو موچەکەی فەرمانبەران