هەڵمەتێک بۆ رێکخستنەوەی بازاڕی لەنگەی هەولێر ئەنجامدرا – وێنە؛ شارەوانی هەولێر
نابێ ئەشیاکانیان لە دەرەوە دابنێن
هەڵمەتێک بۆ رێکخستنەوەی بازاڕی لەنگەی هەولێر ئەنجامدرا
964+
شۆڕش قادری
رێکخستنەوەی بازاڕ لەلایەن تیمەکانی شارەوانی هەولێر بەردەوامە و دوکاندارانی لەنگەش ئاگادارکرانەوە ئەشیاکانیان ببەنە ناو دوکانەکان و لە شەواندا لەدەرەوە پەردەیان پێدا نەدەن.
سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر چەند وێنەیەکی گەڕانی تیمەکانیانی لەناو بازاڕی لەنگە بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، پابەندکردنی دوکانداران و کاسبکاران بە لادانی زێدەڕۆیی و نەهێشتنی پەردە و بردنە ژوورەوەی کەلوپەلەکانیان لە شەواندا، ئەوەش بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی بازاڕەکە و کەمکردنەوەی ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ بەرژەوەندی گشتی و خودی کاسبکاران بەتایبەتی، بۆ دوورکەوتنەوە لە رووداوی نەخوازراو و کەوتنەوەی ئاگر.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەڵمەتەکە لە شەو و رۆژێک لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی چوار بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی ئەنجامدراوە.
ساڵانی رابردوو چەند جارێک ئاگر لەناو بازاڕی لەنگە کەوتووەتەوە و لایەنی پەیوەندیداریش هۆکاری زۆربەی ئاگرەکان و تەشەنەسەندیانی بۆ پەردە و ئەو کەلوپەلانە دەگەڕێنێتەوە کە لەبەردەم دوکانەکان دادەنرێن.