"داوای تەسلیمبوون رەتدەکەینەوە و بڕیاری بەرگریمان داوە"

ئەنجومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە: دەمێنینەوە و چۆڵى ناکەین

964+

وریا فەتاح

ئەنجومەنی گەل لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە “حکومەتی کاتی” و گروپە چەکدارەکانی دەیانەوێت مەرجی تەسلیمبوون بەسەر دانیشتووان و هێزە ئەمنییەکاندا بسەپێنن، بەڵام ئەوان بڕیاری بەرگریکردنیانداوە و رێگە بە “کۆمەڵکوژی و کۆچی زۆرەملێ” نادەن.

بەپێی بەیاننامەکە کە ئەمڕۆ هەینى بڵاوکراوەتەوە، ئەم گەڕەکانە رووبەڕووی بۆردومانێکی بێبەزەییانە بوونەتەوە کە تێیدا مزگەوت، قوتابخانە و ماڵی مەدەنییەکان کراونەتە ئامانج، نەخۆشخانەی “خالید فەجر” کە تەنیا ناوەندی تەندروستی ناوچەکەیە، بەهۆی بۆردومانەوە بەتەواوی لەکارکەوتووە و ئێستا هیچ دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی دەیان بریندار نەماوە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هێرشانە بە پاڵپشتی تورکیا و لەژێر ناوی “سوپای نوێی سوریا” ئەنجام دەدرێن، ئامانجەکەشی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و دووبارەکردنەوەی ئەو کۆمەڵکوژییانەیە کە پێشتر بەرامبەر پێکهاتەکانی دیکە کراون.

هەروەها رەخنەی توندیان لە بێدەنگیی ئەو لایەنە نێودەوڵەتییانە گرتووە کە گەرەنتی رێککەوتنەکانی 10ـی ئازار و 1ـی نیسان بوون و ئێستا بەرامبەر ئەم “تاوانانە” بێدەنگن.

لە پەیامەکەدا هاتووە کە دانیشتووانی گەڕەکەکان هیچ متمانەیەکیان بە “حکومەتی کاتی” نییە، چونکە لە چەند رۆژی رابردوودا بە کردەوە سەلماندیان کە بێباکانە مەدەنییەکان دەکوژن.

ئەنجومەنەکە جەختی کردەوە کە “بە هیچ شێوەیەک تەسلیم نابین و بەرگری لە خاک و ژیانی خۆمان دەکەین”، هاوکات داوایان لە خەڵک کردووە بچنە نەخۆشخانەی خالید فەجر بۆ هاوکاریکردنی بریندارەکان و لەوپەڕی ئامادەباشیدا بن.

لە ئێستادا بەهۆی گەمارۆدانی درێژخایەن و سەرمای زستان و نەمانی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان، دۆخی مرۆیی لەو دوو گەڕەکەدا گەیشتووەتە ئاستێکی “کارەساتبار” و مەترسیی گیانلەدەستدانی بریندارەکان لە ئارادایە.

مانگی سووری کوردی کاروانێکی فریاگوزاری بەرەو حەلەب بە...

مانگی سووری کوردی کاروانێکی فریاگوزاری بەرەو حەلەب بەڕێکرد