عەلى خامنەیى..رێبەرى شۆڕشى ئیسلامى ئێران
مەبەستى خۆپیشاندەرانە
خامنەیی: ئەوانەی ئاژاوە دەگێڕن دەیانەوێت ترەمپ رازی بکەن
964+
وریا فەتاح
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، لە وتارێکدا لەبارەی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، خۆپیشاندەرانی بە “بەکرێگیراوی بێگانە” تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، گەلی ئێران ژێردەستەیی بۆ بیانییەکان رەتدەکاتەوە.
خامنەیی ئاماژەی بەوە کرد، هەندێک “ئاژاوەگێڕ” هەن کە هەوڵدەدەن لە رێگەی تێکدانی موڵک و ماڵی گشتییەوە دڵی سەرۆکی ئەمریکا (دۆناڵد ترەمپ) رازی بکەن، داواشی لە ئێرانییەکان کرد یەکڕیزی خۆیان بپارێزن و نەکەونە داوی ئەو جوڵانەوەیانەوە.
رێبەری باڵای ئێران، واشنتۆنی بە بەرپرسیار زانى لە رشتنی خوێنی هەزاران ئێرانی لە ماوەی “شەڕە 12 رۆژە” و وتی: “دەستی ئەمریکا بە خوێن سوور بووە، باشترە سەرۆکی ئەمریکا سەرقاڵی کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی بێت نەک دەستوەردان لە کاروباری ئێران.”
خامنەیی جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی چاوپۆشی لەو کەسانە ناکات کە وەک “بەکرێگیراو” بۆ بێگانە کار دەکەن، داواشی لە هێزە ناوخۆییەکان کرد ریزەکانیان یەکبخەن بۆ ئەوەی وەک خۆی دەڵێت “بەسەر دوژمناندا سەربکەون.”