دوکان؛

دوو برا لەسەر ئەرکی خۆیان مەنهۆڵێکی تێکچووی سەر شەقامێکی گشتییان چاککردەوە

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

ئەمجارە کوڕی مارەکە حەقی بەسەر مارەوە نییە و لەگەڵ برایەکی کارێکی ئەوپەڕی مرۆڤانە ئەنجامدەدەن، لە قەزای دوکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی، نەوشیروان لەگەڵ براکەیدا لەسەر گیرفانی خۆیان سەرە مەنهۆڵێکی ئاوەڕۆیان لەسەر شەقامێکی سەرەکیی قەزاکە گۆڕی و چاککردەوە، ئەم کارەی ئەوان دوای ئەوە دێت کە مەنهۆڵەکە بۆ ماوەیەک تێکچوو بوو، ئەمەش مەترسیی بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکان دروستکردبوو و ببووە هۆی بێزارکردنی ئەو شۆفێرانەی لەو ناوچەیەوە تێپەڕ دەبن.

نەوشیروان عەبدولڕەحمان، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان بە کوڕی مارەکە ناسراوە و کۆمەڵێک مار بەخێو دەکات و لە کاژەکەیان زەیتی قژ دروست دەکات، یەکێک لەو دوو برایەی کە سەرپەرشتیی کارەکە دەکات، بە 964ـی وت، ئەم جارە مار ناگرم بەڵکو بۆ کارێکی مرۆییانە لێرەم، ئەم مەنهۆڵە دەکەوێتە شەقامێکی سەرەکی قەزاکەم، کە ئۆتۆمبێلی زۆری پێدا تێپەڕ دەبێت، بەهۆی تێکچوونییەوە چەندین جار ئۆتۆمبێلی خەڵک کەوتوونەتە ناوی و زیانیان بەرکەوتووە، بۆیە بڕیارماندا لەسەر تێچووی خۆمان و بە دابینکردنی کەرەستەی پێویست، قەپاغێکی نوێی بۆ دروست بکەن تاوەکو مەترسییەکەی نەمێنێت.

ئەم کارە بە هاوکاری و هەماهەنگیی شارەوانیی دوکان ئەنجامدراوە، نەوشیروان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان ئەم کارەیان وەک ئەرکێکی مرۆیی و خزمەتگوزاری ئەنجامداوە و ئامادەیی خۆشیان نیشاندا بۆ هەر جۆرە هاوکاری و چاکسازییەکی دیکە کە لە توانایاندا بێت بۆ خزمەتکردنی شارەکەیان و پاراستنی سەلامەتیی هاوڵاتیان.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

له‌ رەش مار زه‌یتی دژه‌ هه‌ڵوه‌رینی ڤژ دروست ده‌كات

له‌ رەش مار زه‌یتی دژه‌ هه‌ڵوه‌رینی ڤژ دروست ده‌كات