ترەمپ سەرپەرشتی فرۆشتنی دەكات
50 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڤەنزوێلا رادەستی ئەمریكا دەكرێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە دەسەڵاتدارانی کاتی لە ڤەنزوێلا لە نێوان 30 بۆ 50 ملیۆن بەرمیل نەوت رادەستی واشنتۆن دەکەن.
ترەمپ رایگەیاند، “دەسەڵاتی راگوزەر لە ڤەنزوێلا لە نێوان 30 بۆ 50 ملیۆن بەرمیل نەوتی کوالێتی بەرز رادەستی واشنتۆن دەکەن، كە بەشێكە لەو نەوتەی سزای لەسەرە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو نەوتەی لە ڤەنزوێلا وەریدەگرین بە نرخی بازاڕ دەفرۆشرێت، منیش وەک سەرۆکی ئەمریکا سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی داهاتەکەی دەکەم.
روونیشیکردەوە، “وەزیری وزەم راسپاردووە دەستبەجێ پلانەکە جێبەجێبکات، نەوتەکە بە تانکەری عەمبارکردن دەگوازرێتەوە و رەوانەی بەندەرەکانی ئێمە دەکرێت”.
ئەمریكا سەرەتای ئەم هەفتەیە لە رێگەی هێزێكی تایبەتەوە سەرۆكی ڤەنزوێلا نیكۆلاس مادۆرۆ و ژنەكەی دەستگیركرد و هێرشی كردەسەر ئەو وڵاتە، دواتریش گواستنییەوە بۆ ئەمریكا، ئێستا جێگری سەرۆكی ڤەنزوێلا بە وەكالەت سەرۆكایەتی وڵاتەكە بەڕێوەدەبات و ئامادەیی خۆیان بۆ هاوكاری لەگەڵ ئەمریكا دەربڕیوە، كە رەوشە دیارە ناچارییە و هیچیان بەدەستەوە نییە.