ژینگەپارێزی بارزان هەڵمەتی ئێستای هاوڵاتیان رەتدەكاتەوە

“تكایە دەستكاری ژیانی ئاژەڵ و باڵندە كێوییەكان مەكەن و خواردنیان پێمەدەن”

964+
فەرهاد حەسەن

بەتالیۆنی ژینگەپارێزی بارزان، هۆشداری لەو هەڵمەتە دەدات كە ماوەیەكه هاوڵاتیان لە شوێنە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان، بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە، خواردن بۆ ئاژەڵ و باڵندە كێوییەكان دابین دەكەن و دەڵێت، ئەمە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و گۆڕینی شێوازی کۆچ و خواردنی کێوییەکان.

ملازم سدیق حەسەن، بەڕێوەبەری هۆشیاری و راگەیاندنی بەتالیۆنی ژینگەپارێزی بارزان پەیامێكی ڤیدیۆیی بۆ 964 ناردووە و باس لە مەترسی ئەو هەڵمەتە دەكات لەسەر ژیانی كێوییەكانی لەناو سروشتی هەرێمی كوردستان.

دەڵێت “کێوییەکان بە بەردەوامی لە وەرزەكانی زستاندا بەرگری لەشیان بۆ سەرما و بەفر رێکدەخەن، کاتێک خواردنیان پێدەدەن کاریگەری نەرێنی لەسەر سیستمی بەرگریان دەبێت و دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و گۆڕینی شێوازی کۆچ و خواردن پەیداکردنی کێوییەکان.

داوا لە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانيش دەكات، “تکایە خۆتان لە خواردن پێدان بە ئاژەڵە کێوییەکان بپارێزن و خواردنیان پێمەدەن بە هیچ شێوەیەک و بۆ هەموو جۆرە ئاژەڵێک و هیچ شتێکیان پێمەدەن”.

ئاگاداری هاوڵاتیان دەکرێتەوە راوی ئەو باڵندە کێویانە ...

ئاگاداری هاوڵاتیان دەکرێتەوە راوی ئەو باڵندە کێویانە نەکەن کە بەهۆی بەفرە روویان لە ئاوەدانییەکان کردووە