گەنجێکی دەستڕەنگین ئەو کارەی کردووە
بە “رەنگ”ەکانی هەورامانی تەخت ژیان بۆ خانووی جولەکەکان لە هەڵەبجە دەگەڕێنێتەوە
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
لە هەڵەبجە گەنجێکی فۆتۆگرافەر کە هەمانکات شێوەکارێکی دەستڕەگینیشە لەرێگەی رەنگەوە ژیان وەبەر خانووەکانی گەڕەکی جولەکەکان لەو شارە دەهێنێتەوە و بە شێوازێکی تایبەت دەرگای خانووەکانی رەنگڕێژ کردووە.
هۆگر ئەحمەد گەنجەکەیە، بە 964ـى وت، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لەسەر ئەرکی خۆی دەرگاکانی گەڕەکی جولەکانی هەڵەبجەی بە شێواز و رەنگی کلاسیک رەنگکردووە، و رەنگ روویەکی نوێی بەخشیوە و دەڵێت “دەمەوێت گەڕەکەکە و خانوەکانی بە زیندوویی بمێننەوە”.
تەواوی تێچووی کارەکەی خۆی دابینی کردووە و کەسیش نە بە مادی و نە بە مەعنەوی یارمەتی نەداوە، دەشڵێت “ئەگەر هاوکاری بکرێم پلانم هەیە رووناکی بۆ ئەو خانووانە بگێڕمەوە و گڵۆپێک کە شێوەکەی کلاسیکە و بە وزەی خۆر کاردەکات لەسەر دەرگاکان دابنێم، چونکە ماڵەکان کەسیان تێدا نییە و چۆڵن و رووناکییان تێدا نییە”.
گەڕەکی جولەکان یەکێکە لە کۆنترین گەڕەکەکانی شاری هەڵەبجەیە و کوردە جولەکەکانی تێدا ژیاون، شێوازی بیناسازی خانووەکان جیاوازە و تایبەتە بە خۆیان، لەگەڵ کۆچکردنی جولەکەکان بۆ ئیسرائیل لە ساڵی چلەکانی سەدەی رابردوودا، ماڵەکانیش چۆڵ بوون و لە ئێستادا تەنیا چەند خانوویەک و چەند هەیکەلێک ماونەتەوە.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن