لە شەقامی 40 مەتری هەولێر
کۆمپانیایەکی گواستنەوە پارە لە شۆفێرانی تەکسی وەردەگرێت
964+
رێباز خدر – هەولێر
کۆمپانیایەکی تەکسی ئۆنڵاین هەڵساوە بە دانانی کابینەک لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر، کە مانگانە بڕێک پارە لە شۆفێرانی تەکسی بازاڕەکە وەردەگرێت.
توانا مەجید، شۆفێرێکی تەکسیە بە 964ـی وت، “ئەم کۆمپانیایە چەند رۆژێکە کابینەیەکی هێناوە لە نزیک بازاڕەکە دایناوە، مانگانە بڕێک پارە وەردەگرێت لە ئێمە بەبێ هۆکار، لە کاتێکدا کۆمپانیایەکە تەنیا مۆڵەتی ئۆنڵاینی هەیە”.
وتیشی، ئێمە زیاتر لە 119 شۆفێری شەقامی 40 مەتری بازاڕی لەنگە واژوومان کۆکردووەتەوە و کە رێگا بەم کۆمپانیایە نادەین لێرە کار بکات و پارەمان لێ وەربگرێت، چونکە شوێنەکە شوێنێکی گشتیە و مافی هەموو شۆفێرێکە کە سەرنشین بگوازێتەوە و کاری شۆفێری خۆی بکات.
دیلان رەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە 964ـی وت، ئەم کۆمپانیایە تەنیا مۆڵەتی تەکسی ئۆنڵاینی هەیە لەلای ئێمە، کە هاوشێوەی کۆمپانیاکانی تر کاری تەکسی ئۆنڵاین بکات، دانانی کابینە لە شوێنە گشتیەکان پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و لایەنی تری پەیوەندیدار پەیوەستن بەم کارەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی