"ئۆتۆمبێلێک خۆی بە ماتۆڕەکەیاندا کێشاوە"
لە خورماتوو دایکێک و سێ قوتابی برینداربوون
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لە گەڕەکی ئیمام ئەحمەدی خورماتوو ماتۆڕێکی سێ تایە، لەکاتی گواستنەوەی قوتابیان بەرەو قوتابخانە لە نیوەی رێگا تووشی رووداوی هاتوچۆ بوو و بەهۆیەوە، دایکێک و سێ قوتابی برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانە کران.
ئیبراهیم خالید ئێشکگر لە نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو بە 964ـی وت، “کەمێک پێش ئێستا چوار بریندار گەیەندرانە بەشی فریاکەوتی نەخۆشخانەکەمان، پشکنین و چارەسەری سەرەتاییمان بۆ کردوون و لە ژێر چارەسەری پزیشکیدان و باری تەندروستیان جێگیرە”.
“بریندارەکان دایکێک و سێ قوتابی کچن، دوو لە کچەکان لەگەڵ دایکیان بوون، کچێکی دیکەشیان لەگەڵ بووە، لەکاتی چوون بۆ قوتابخانە، تووشی ئەو رووداوە بوون و برینداربوون”، ئیبراهیم خالید وای وت.
سەبارەت بەو رووداوە، موئەیەد عەباس بەڕێوەبەری هاتوچۆی خورماتوو بە 964ـی وت، رووداوەکە لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپترا و ماتۆڕێکی سێ تایەدا روویداوە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە دەستگیرکراوە و لێکوڵینەوەیان لەسەر رووداوەکە دەستپێکردووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری