115 کەسی دیکە بریندارن و پڕۆسەی ناسینەوەی تەرمەکان چەند رۆژێکی پێدەچێت
ئاماری گیانلەدەستدان لە ئاگرەکەی سویسرا بۆ 40 کەس بەرزبووەوە
964+
ژێوار خدر
دوای تێپەڕبوونی رۆژێک بەسەر ئاگرە گەورەکەی هاوینەهەوارێکی سویسرا، کە لە شەوی سەری ساڵدا روویدا، ئامارەکان روو لە هەڵکشانن و تا ئێستا گیانلەدەستدانی 40 کەس و برینداربوونی 115 کەسی دیکە پشتڕاستکراوەتەوە، زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە گەنجن و بەهۆی سەختی سووتاوییەکەیانەوە، تیمەکان پەنا بۆ پشکنینی DNA و تۆماری پزیشکیی ددان دەبەن بۆ ناسینەوەیان.
رووداوەکە لە کاتژمێر 1:30 خولەکی شەوی 1.1.2026 لە باڕی “کۆنستیلەیشن” لە هاوینەهەواری کڕانس مۆنتانا روویدا. شایەتحاڵەکان دیمەنەکان بە “فیلمی ترسناک” وەسف دەکەن و دەڵێن؛ خەڵک پەنجەرەیان دەشکاند بۆ ئەوەی خۆیان رزگار بکەن و هەندێکی تریشیان بە قژ و جلی سووتاوەوە لە شوێنەکە هەڵاتوون، تیمەکانی فریاکەوتن باس لەوە دەکەن کە بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، لە نهۆمی ژێرزەمینی باڕەکەدا گیریان خواردووە.
گای پارمێلین، سەرۆکی سویسرا رووداوەکەی بە “یەکێک لە ناخۆشترین تراژیدیاکانی مێژووی وڵاتەکە” ناوبرد و بەو هۆیەوە پێنج رۆژ ماتەمینی گشتی لە وڵاتدا راگەیەندرا، تا ئێستا لێکۆڵینەوەکان لەسەر هۆکاری ئاگرەکە بەردەوامن و گومان دەکرێت مۆم یان یارییە ئاگرینەکانی ناو باڕەکە هۆکار بووبن، بەڵام داواکاری گشتیی ناوچەکە دەڵێت هێشتا زووە بۆ دیاریکردنی هۆکاری سەرەکی.