مام قادر لە ماڵەکەی خزماتیان دەکات
14 بارهەڵگر لە باکووری کوردستانەوە هاتوون و لە دۆڵی ئالانە بەفر پەکی خستوون
964+
ئاکام غەفور – خەلیفان
هەموویان کوردن کەچی یەکتری ناناسن، بەڵام بەفر لە یەکتری کۆکردوونەتەوە و مام قادر لە گوندی بناویەی دۆڵی ئالانەی خەلیفان دەرگای ماڵەکەی بۆ خستوونەتە سەرپشت دەڵێت تا ئاستەنگەکانی بەفر لەسەر ئەو رێگایە بمێنێت، ئەو خزمەتی ئەو بارهەڵگرانە دەکات.
14 بارهەڵگری لە باکووری کوردستانەوە هاتوون، دەیانویست بچنە سلێمانی بەڵام ماوەی سێ رۆژە بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە لە دۆڵی ئالانە رێگیان لێگیراوە.
پەیامنێری 964 دەچێتە ناو ماڵی مام قادر ئەحمەدی خاوەن ماڵ، لە میوانخانەکەیدا هەموو بارهەڵگرەکان دانیشتوون، مام قادر دەڵێت، “کە بینیم رێگایان لێگیراوە داوام لێکردن بێنە ماڵەوە بەڵام نەهاتن، نان و خواردنمان بۆ بردن پاشانیش هاتنە ماڵەوە”.
ئاماژەن بەوەشکرد، تاوەکو رێگاکە دەکرێتەوە و کێشە و گرفتیان نامێنێت ئامادەیە لە ماڵەکەی خزمەتیان بکات.
زەکی قونش، یەکێک لە بارهەڵگرەکانە دەڵێت 14 شۆفێرین بەرەو سلێمانی دەچووین بەڵام لێرە پەکمان کەوت ئەو برایەش ئێمە هێناوەتە ماڵەکەی خۆی و سوپاسی دەکەین.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن