تاکە سەرەداو مۆبایل و هێلەگەکەیەتی
قایمقام “پێناچێت ئەو کڵاوەی دۆزرابێتەوە هی ئەندازیارە ونبووەکەی بازیان بێت”
964+
فەرهاد حەسەن
دوای 23 رۆژ لە ونبوونی، تاکە سەرەداو بۆ دۆزینەوەی ئەندازیارە ونبووەکەی قەزای بازیان مۆبایل و هێلەگەکەیەتی، لەبارەی ئەو کڵاوەش کە دوێنێ لە چەمەکانی تەیناڵ دۆزراوەتەوە قایمقام دەڵێت “پێناچێت هی ئەو بێت”.
لە رۆژی 8.12.2025 دوای دروستبوونی لافاو لە چەند شوێنێکی کوردستان، ئەندازیارێکی بەنەتەوە عەرەب لە ناوچەی بازیانی سلێمانی کە لە کۆمپانیایەک کاری دەکرد، بێسەروشوێن بووە و دواتر باس لەوەکرا کە لەناو کابینەکەیدا لافاو بردوویەتی و خنکاوە.
ئیسماعیل ئەحمەد قایمقامی بازیان بە 964 وت، ئەویش ئەوەی زانیوە کە کڵاوێکی ئەندازیاری دۆزرابێتەوە بەڵام دەڵێت پێناچێت هی ئەو بێت چونکە ئەو سنوورەی ئەوان بە سەدان ئەم جۆرە کڵاوانەی لێکەوتووە.
وتیشی “ئاسایش و پۆلیس بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی و ئەمڕۆش جارێکی دیکە گەڕانی بۆ ئەنجام دەدرێت”.
کەسوکاری ئەندازیارەکە کە خەڵکی بەغدان گەڕاونەتەوە شوێنەکەیان، بەڵام جارجار سەدانی بازیان دەکەنەوە بۆ دەستکەوتنی سۆراغێکی کوڕەکەیان.
قایمقام دەڵێت، ئەوەی تاوەکو ئێستا وەکو سەرەداو لەبەردەستیان بێت، ئەو مۆبایل و هێلەگەیە کە پێشتر دۆزیویەتیانەوە، دوای ئەوە هیچ سەرەداوێکی دیکەیان دەست نەکەوتووە.