کارەکانی تەواو نەكراوە
رێگا بەدیلەکەی هەیبەت سوڵتان بەکەڵکی هاتوچۆ نایەت
+964
دەریا ئەحمەد – كۆیە
رێگای میرسەید – حەمامۆک کە بڕیار بوو ببێتە جێگرەوەی رێگای هەیبەت سوڵتان و ئاسانکاری بۆ خەڵکی شاری کۆیە بۆ دەڤەری راپەرین و سماقوڵی بکات، هێشتا کارەکانی تەواو نەبوون و بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەی کۆیەش دەڵێ، %40ـی کارەکانی قۆناغی یەکەمی تەواو بووە.
رێگای میرسەید – حەمامۆک پرۆژەیەکی حکومەتی هەرێمە و پێکدێت لە چاککردن و قیرتاوکردنی رێگاکە بە درێژایی هەشت کیلۆمەتر و نیو و شاری کۆیە بە دۆڵی سماقوڵی و دەڤەری راپەرین دەبەستێتەوە، رێگاكە نەک هەر بەدیلێکی رێگای هەیبەت سوڵتانە، بەڵکو بە تەواوبوونی دەبێتە رێگایەکی سەرەکی و هاوڵاتیان خۆیان دوور دەگرن لە بەکارهێنانی رێگا پڕ مەترسییەکەی هەیبەت سوڵتان، کە ئەویش لەم کاتەدا بەهۆی دارمانی شاخەکەوە داخراوە.
کۆسار حەمەد بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەی کۆیە بە 964ـی وت، ئەم رێگایە لە دوو قۆناغ پێکدێت، قۆناغی یەکەمی ٪ 40ـی کارەکانی تەواو بووە و قۆناغی دووەمیش رەزامەندی دراوە بەڵام هێشتا پارەی بۆ تەرخان نەکراوە و هیچ کارێکی لێ نەکراوە.
بەهۆی تەرخاننەکردنی پارەوە دیارنییە کەی ئەم رێگایە تەواو دەکرێت و هاوڵاتیان دەتوانن لە بری رێگا سەختەکەی شاخی هەیبەت سوڵتان بەکاری بهێنن، کۆسار حەمەد بە~ێوەبەری ئاوەدانکردنەوەی کۆیە وتی.
رێگای میرسەید – حەمامۆک لە 10.10.2024 بەردی بناغاکەی دانرا و نزیکەی 4 ملیار دیناری بۆ تەرخانکرا، بەهۆی سەختی شوێنەکە و بڕینی شاخ و رێکخستنەوەی رێگاکە، بری پارەی تەرخانکراوەکە زیادکراوە بۆ 16 ملیار دینار.
ماوەی 20 ساڵیشە بڕیارە تونێلی هەیبەت سوڵتان دروست بکرێت، کە بە هەمان شێوە رێگای بەدیلی شاخی هەیبەت سوڵتانە، بەڵام دوای دووجار گۆڕینی شوێنەکەی، ئەویش ئێستا لە قۆناغی دیزاینکردندایە بۆ هەڵبژاردنی شوێنی سێیەم بۆ تونێلەکە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا