زستان خۆی دەنوێنێت

شەپۆلەکە گەیشت؛ دوو رۆژی باراناویی و تەڕ

شۆڕش قادری

دواجار شەپۆلی بەفر و بارانەکە گەیشت، ئیدی لەمڕۆوە زستان بەتەواوەتی خۆی دەنوێنێت و ئەم دوو رۆژە تەڕ و باراناوی دەبێت.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ شەممە 27.12.2025 ئاسمان بەگشتی هەوری باراناوی دەبێت، نمە باران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی کاتەکاندا دەبارێت، لە ناوچە سنووری و شاخاوییە بەرزەکان، بەفر بارین بەردەوامی هەیە، پێشبینی دەکرێت لە ناوچە نیمچە بەرزەکان تێکەڵەی باران و وردەبەفر و هەندێک جاریش کڕێوە بێت.

پلەی گەرماش دوو بۆ پێنج پلە نزمتر دەبێتەوە و کەشەکە تەواو سارد دەبێت.

بۆ سبەی یەکشەممەش، بەفر و باران بەردەوام دەبێت، بارانی مامناوەند لە هەموو ناوچەکاندا دەبارێت لە هەندێ کات و شوێن رێژەی دابارین زیاد دەکات بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم، لە ناوچە سنوورییەکان و کوێستانەکانیش بەفر دەبارێت، هەروەها لە کاتی باران باریندا خێرای با چاڵاک دەبێت بۆ سەرووی 35 کم/ ک بە تایبەتیش لە ناوچەکانی گەرمیان و سلێمانی.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی؛

هەولێر: 10 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 7 پلەی سیلیزی

دهۆک: 8 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 8 پلەی سیلیزی

کەرکوک: 12 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە: 8 پلەی سیلیزی

سۆران: 7 پلەی سیلیزی

گەرمیان: 13 پلەی سیلیزی