بۆریی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان - فۆتۆ: ئاژانسەكان
مانگی رابردوو
حەوت ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی كوردستان هەناردە کراوە
964+
ئەحمەد مستەفا
عێراق زیاتر لە 106 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی بازاڕەكانی جیهان كردووە، لەو بڕەش حەوت ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلی نەوتی هەرێمی كوردستان بووە، ئەمەش تەنیا لە مانگی رابردوو.
لە ئاداری 2023 هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا راگیرابوو، دوای رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد لە 27.9.2025 هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە دەستیپێكردەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق “سۆمۆ”، بڕی نەوتی هەناردەكراوی عێراق و هەرێمی كوردستانی بۆ مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بڵاوكردەوە.
عێراق لەو مانگەدا 106 ملیۆن و 593 هەزار و 352 بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە، لەو بڕەش هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە حەوت ملیۆن و 583 هەزار و 733 بەرمیل بووە.
زۆرترین نەوتی عیراق لە رێگەی بەندەرەكانی بەسرەوە هەناردەكراوە، كە بڕەكەی 98 ملیۆن و 709 هەزار بەرمیل بووە، جگە لەوەش 299 هەزار و 824 بەرمیل هەناردەی ئوردن كراوە.
سەبارەت بە داهاتی نەوتیش، وەزارەتی نەوتی عیراق ئاشكرایكردوە، كۆی داهاتی نەوت لەماوەی ئەو مانگەدا 6 ملیار و 595 ملیۆن و 391 هەزار دۆلار بووە.