لە نەخۆشخانەی رانیە بەشێوەیەکی پێشکەوتوو نەشتەرگەری بۆ گەنجێک کرا – وێنە؛ تەندروستی راپەڕین
"خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی نەخۆشخانەکەمان"
لە نەخۆشخانەی رانیە بەشێوەیەکی پێشکەوتوو نەشتەرگەری بۆ گەنجێک کرا
964+
شۆڕش قادری
بۆ یەکەمجار لە نەخۆشخانەی فێرکاری رانیە بە تەکنیكێکی نوێی بێهۆشکاری ناوچەیی و لەڕێی سۆنارەوە نەشتەرگەری بۆ گەنجێک کرا.
نەخۆشخانەی فێرکاری رانیە وێنەکانی کاتی نەشتەرگەرییەکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، شەوی رابردوو تیمە پسپۆڕەکانی بەشی نەشتەرگەریی ئێسک و شکاویی و بێهۆشکاریی لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رانیە، سەرکەوتووانە مامەڵەیان لەگەڵ حاڵەتێکی کتوپڕی مەترسیداردا کرد.
نەخۆشەکە گەنجێک بووە کە بەهۆی برینی چەقۆوە لە بەشی ناوەڕاستی قۆڵی چەپیدا، دووچاری بڕانی قوڵی ماسولکەکان و خوێنبەرە سەرەکییەکان ببوو، کە بووەتەهۆی خوێنبەربوونێکی یەکجار زۆر و مەترسی لەسەر ژیانی دروست کردبوو.
بە مەبەستی رزگارکردنی ژیانی نەخۆشەکە، دەستبەجێ رێکارەکان گیراونەتەبەر و نەخۆشەکە گوازراوەتەوە بۆ ژووری نەشتەرگەری، دوای بەکارهێنانی تۆرنیکێت (Tourniquet) و کۆنتڕۆڵکردنی خوێنبەربوون، لەلایەن تیمی نەشتەرگەرییەوە گەڕان و پشکنین بۆ شوێنی برینەکە کراوە و خوێنبەرە زیانپێکەوتووەکان بە وردی بەستراونەتەوە و ماسولکە و پێستی نەخۆشەکەش چاککراونەتەوە.
کاربەدەستانی نەخۆشخانەی فێرکاری رانیە پێیانوایە ئەو نەشتەرگەرییە خاڵێکی وەرچەرخان بووە لە مێژووی نەخۆشخانەکەیاندا، چونکە بۆ یەکەمجار تەکنیکی بێهۆشکاری ناوچەیی (Regional Anesthesia) لەڕێی سۆنارەوە (Ultrasound-guided Brachial Plexus Anesthesia) بەکارهاتووە کە پێشتر لەو نەخۆشخانەیەدا، تەنیا بێهۆشکاری گشتی، بەنجی نیوەیی و لۆکاڵی بەردەست بووە، بەڵام شەوی رابردوو توانیویانە بە شێوەیەکی جیاواز ئەو خزمەتگوزارییە پێشکەوتووە بۆ یەکەمجار ئەنجام بدەن.