تیروپشک كرا و دوو هەزار پارچە زەوی دیکە لە هەولێر دابەشکرا
هەولێر
تیروپشک كرا و دوو هەزار پارچە زەوی دیکە دابەشکران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لە سنووری هەولێر بەردەوامە و ئەمڕۆ تیروپشك بۆ وەجبەیەكی دیكە كرا، دوو هەزار پارچە زەوی دابەش كران.
رێوڕەسمی تیروپشكە بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری نەخشەدانان، لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بەڕێوەچوو.
بە گوێرەی راگەیاندراوی پارێزگای هەولێر، ئەوانەی زەوییان پێدرا، ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەن، كە كارتی زانیارییان لە سەنتەری شاری هەولێرە.
لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە، “پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو دەڵێت، تائێستا لە سنووری سەرۆكایەتی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكان زیاتر لە 60 هەزار پارچە زەوی دابەشكراوە “.
هەروەها ئاشكرای كردووە، هەموو ئەو فەرمانبەرانەشی دابەشكردنی زەوی دەیانگرێتەوە دەگاتە ( 120 بۆ 125 هەزار ) فەرمانبەر.
“لە سنووری پارێزگای هەولێر، تا ئێستا زۆرترین فەرمانبەران سوودمەند بوون لەوەرگرتنی زەوی، كە لە هیچ شارێكی دیكەی هەرێم پڕۆسەكە بەو شێوەیە نەچووەتەپێش و بەڕێوەچوونی پرۆسەکەش بەردەوامە تاوەکو سەرجەم ئەو فەرمانبەر و پێشمەرگە و خانەنشینانەى کە بڕیارەکەی حکومەت دەیانگرێتەوە سوودمەند دەبن لەوەرگرتنی زەوی، دوای ئەوانیش دەست بە دابەشكردنی زەوی دەكرێت بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست بەپێی ئەو رێنمایی و میكانیزەمی داڕێژاوە بۆیان” ئەمەش قسەی ئومێد خۆشناوە لە رێوڕەسمەكەی ئەمڕۆدا.
ئەوەی ئەمڕۆ دابەشكرا، وەجبەی پێنجەمی دابەشكردنی زەوییە لە سنووری هەولێر و پێشتر چوار وەجبە دابەشكراون، كە زیاتر لە 29 هەزار پارچە زەوی بووە.
لە 27.3.2024 مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا زەوی بەسەر فەرمانبەر و خانەنشین و پێشمەرگەكانی كوردستان دابەش بكرێت، ئەوانەی تا ئێستا سوودمەند نەبوون، هەر فەرمانبەرێكیش 200 مەتر زەوی وەردەگرێت.