سندوقە رەشەكەی فڕۆكەی سەرۆك ئەركانی سوپای لیبیا دۆزرایەوە
تەرمەكانیش برانە پزیشكی دادی
سندوقی رەشی فڕۆكەكەی سەرۆک ئەركانی سوپای لیبیا دۆزرایەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، سندوقی رەشی فڕۆکەكەی سەرۆک ئەرکانی سوپای لیبیا دۆزرایەوە، جگە لەوە تەرمی سەرنشینەكانی فڕۆكەكەش دۆزرانەوە و براونەتە پزیشكی دادیی ئەنقەرە.
وەزیری ناوخۆی توركیا عەلی یەرلیكایا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ چوارشەممە لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە پشتڕاستی کردەوە، تەرمی قوربانییەکان دەرهێنراوەتەوە و گواستراوەتەوە بۆ بەشی پزیشکی دادی بۆ تەواوکردنی رێکارە پێویستەکان.
وتیشی، لیبیا تیمێکی نزیکەی 29 کەسی ناردووە بۆ بەشداریکردن لە لێکۆڵینەوەکانی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە.
وەزیر ئاماژەی بەوەدا کە سندوقی رەش و تۆمارکەری دەنگی کابینەی فڕۆکەوانەکە کاتژمێر 3:20 خولەكی ئەم بەیانییە دۆزرایەوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە پشکنینیان کردووە.
دووپاتیشی کردەوە لێکۆڵینەوە هەمەلایەنەكان بەردەوامن بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەگەرەکان، جەختیشی کردەوە کە رێکارەکان بە شەفافیەت و روونی بەڕێوەدەچن، هەروەها ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان هەر کە تەواو بوو، بۆ رای گشتی رادەگەیەنرێت.
شەوی رابردوو فڕۆكەی سەرۆكی ئەركانی سوپای لیبیا محەمەد عەلی ئەلحداد لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا كەوتە خوارەوە، كە دەگوترێت بەهۆی كێشەی تەكنیكی لە كارەبای فڕۆكەكە، كەوتووەتە خوارەوە، كە لە ئەنجامدا جگە لە سەرۆكی ئەركان، چوار كەسی تر لە تیمەكەی، كە پێكهاتبوون سەرۆکی ئەرکانی هێزی زەمینی، لیوا ئەلفیتوری غرێبیل، بەڕێوەبەری دەسەڵاتی بەرهەمهێنانی سەربازی، جەنەڕاڵ مەحمود ئەلقەتاوی، راوێژکاری سەرۆکی ئەرکانی گشتی سوپای لیبیا، محەمەد ئەلئەساوی دیاب، فۆتۆگرافەرێك لە ئۆفیسی ڕاگەیاندنی سەرۆکی لیبیا، كە ناوی محەمەد عومەرە، لەگەڵ سێ كەس لە تیمی فڕۆكەكە گیانیان لەدەست دا.
شاندەكەی لیبیا دوێنێ كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری بەرگریی توركیا هەبوو، لە گەڕانەوەدا تووشی كارەساتەكە بوون.