کۆبوونەوە کرا
دادگای کەرکوک-گەرمیان: رێکاری لە دژی چەقۆکێشی و زیادەڕۆیی بگیرێتەبەر
964+
ئەحمەد مستەفا
سەرۆکی دادگای ناوچەی کەرکوک-گەرمیان، لەگەڵ سەرۆکی فەرمانگەی داواکاری گشتی و بەڕێوەبەری پۆلیسی گەرمیان و دادوەرانی لێکۆڵینەوە کۆبوویەوە، باس لە زیادەڕۆیی و دیاردەی چەقۆکێشی و چەکی بێ مۆڵەت کراوە.
پۆلیسی گەرمیانی راسپێردراوە، بۆ رێکاریی خێرا بەرامبەر بەوجۆرە کەسانە.
بە گوێرەی راگەیەندراوی دادگاکە کە 964 بینوویەتی، دادوەر ئاوات حاجی سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی كەركوك-گەرمیان لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی فەرمانگەی داواکاری گشتی، زانیار حەبیب و بەڕێوبەری پۆلیسی گەرمیان عەمید لوقمان و دادوەرانی لێكۆڵینەوەی سنووری سەرۆكایەتییەکەی کۆبووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گرتنەبەری رێكاری زیاتر و خێراترکردن، دژی دیاردەی زیادەڕەویی بۆسەر زەوی وزاری میری و زووتر یەكلاكردنەوەی ئەو جۆرە داوایانە کراوە.
لەسەر دیاردەی چەقۆكێشی و هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لە سنوری ئیدارەی گەرمیان گفتوگۆکراوە، بەبێ ئەوەی باس لە رێژەکەی یان ئەگەر زیادبوون ژمارەی تاوانەکان بەو هۆکارە بخەنەڕوو.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەکراوە، سەرۆکی دادگا پۆلیسی گەرمیانی راسپاردووە، بۆ رێکاریی خێرا بەرامبەر بەوجۆرە کەسانە بەتایبەتی و بەرامبەر هەر جۆرە كارێكی نایاسایی بەگشتی.