شەوی رابردوو لە مەجیدبەگ چی روویدا؟

964+
دیلان محەمەد جەزا

درەنگانی شەوی رابردوو، کاتژمێر 12:15ی دووشەممە، لە فولکە سەوزەکەی گەڕەکی مەجیدبەگی سلێمانی دوو ئۆتۆمبێل پێکدادەدەن، دواتر دەبێتە دەمەقاڵێ و تەقەوتۆقی تێدەکەوێت.

رووداوەکە لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی تۆیۆتا یارس و مسیۆبوشی بووە، کە ئەوەی یەکەم خۆی کێشاوە بە پشتەوەی دووەمدا، بەپێی زانیارییەکانی 964.

دواتر لە کاتی نێوەندگیری و سوڵحی دوو شۆفێرەکەدا، سەرنشینێکی تۆیۆتا یارسەکە دەستڕێژی گولـلەی کردووە لە ئۆتۆمبێلی بەرامبەر کە فیشەکێک بەر قاچی شۆفێری مسیۆبوشیەکە کەوتووە و برینداری کردووە.

بەپێی زانیارییەکان، لەناو ئۆتۆمبێلە مسیۆبوشیەکەدا سەرنشین هەبوون، بەڵام زیانیان بەرنەکەوتووە.

لایەنەکانی رووداوەکە بردراون بۆ بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕ و تاوەکو ئەم ساتە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.