" فرۆشتنی نۆك بە فەریكی دروست نییە"
لە هەرێمی کوردستان حوكمی فرۆشتنی شووتی و كاڵەك و فەریكە نۆك کرایە فەتوا
964+
فەرهاد حەسەن
ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان، فەتوایەکی تایبەتی لەسەر حوکمی فرۆشتنی جۆراوجۆری شووتی و كاڵەك و فەریكە نۆك دەرکرد و دەشڵێت بەپێی مەزهەبی ئیمامی شافیعی فرۆشتنی نۆك بە فەریكی دروست نییە.
دوای ئەوەی ژمارەیەك لە جوتیاران و توێژەرانی بواری فیقهی چەند پرسیارێكیان ئاراستەی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان کرد، سەبارەت بە حوكمی فرۆشتنی چەند بەرهەمێكی كشتوكاڵی، ئەنجومەن لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا بەم شێوەیەی لای خوارەوە وەڵامی پرسیارەكانی داوەتەوە
پرسیاری یەكەم : ئایا دروستە بێستانی گندۆرە و شووتی بە بنەوە و بە سەوزی بفرۆشرێت ؟؟
وەڵام: فرۆشتنی بێستانی كاڵەك و شووتی بە بنەوە و بە سەوزی دروستە، بەڵام نابێت مەرجی ئەوە دابنێن كە كڕیار دەستبەجێ لێی بكاتەوه.
بەڵام ئەگەر تەنیا بەرەكەی بفرۆشێ بەبێ بڕك و بنەكەی ئەوە مەرجی ئەوەیه، كە دەبێت بەرەكە پێگەیشتبێت و بخورێت یان سودی لێ ببینرێت، هەروەها پێویستە كڕیارەكە یەكسەر بەرەكە لێبكاتەوە و دوای نەخات لە بەیانی تاوەكو ئێوارە، چونكە بێستان وردە وردە پێدەگات و ئەوكاتە ئەوەی كڕیویەتی تێكەڵی ئەوە دەبێت كە نەیكڕیوە.
ئەگەر بێستانەكەی هەمووی فرۆشت بڕك و بەرەكەی پێكەوە، ئەوە دروستە بەو مەرجەی بڕكەكان بەریان دابێت یان كوڵوكیان كردبێت، ئەگەر كاڕكیان دابێت یان بەشێكیان گەییبن و پێڕاگەیشتبن ئەوە باشتریشە .
پرسیاری دووهەم؛ ئایا دروستە فەریكە نۆك بە دەسك بفرۆشرێت، ئەگەر دروستە ئایا زەكاتەكە لەسەر كڕیارە یان فرۆشیار.؟؟
وەڵام: لە مەزهەبی ئیمامی شافیعیدا – رحمه الله- فرۆشتنی نۆك بە فەریكی دروست نییە تەنیا بە شێوەی دەست لەسەر هەڵگرتن نەبێت، چونكە زەكات پەیوەست بووە پێوەی و پێویستە زەكاتی لێ بدرێت بەڵام لە مەزهەبی ئیمای ئەبو حەنیفە – رحمه الله – دروستە، بۆیە ئەو جوتیارەی دەیەوێت بە فەریكی نۆكەكەی بفرۆشێت با بە شێوەی دەست لەسەر هەڵگرتن (رفع الید) وازی لێبهێنێ بەرامبەر مەبلغێك كە رێك دەكەون لەسەری، یان خۆی تەقلیدی ئیمامی ئەبو حەنیفە بكات، بەڵام پێویستە نییەتی زەكات لێدانی هەبێت.
سەبارەت بە زەكاتیش كاتێك دەنكە نۆكەكان رەق بوون زەكات لە خودی نۆكەكە دەدات، بەو مەرجەی بە وشكی ئەو بەروبوومە بگاتە ئەندازەی زەكات، بەڵام ئەگەر بەشێوەی دەست لەسەر هەڵگرتن بە فەریكی فرۆشتی یان خۆی تەقلیدی ئیمامی ئەبو حەنیفەی كرد ئەوە زەكات لەو پارەیە دەدات كە دەستی دەكەوێت لێی، بەو مەرجەی لای سەرەوە و زەكاتەكەش لەسەر جوتیارە فرۆشیارەكەیە.
پرسیاری سێهەم: ئایا دروستە گەنم و دانەوێڵە بە بنەوە بفرۆشرێت جا چ لە كاتی سەوزی بێت یان دوای ئەوەی دەنكەكەی رەق بووبێت و پێگەیشتبێت، ئەگەر دروستە ئایا زەكاتەكە لەسەر كڕیارە یان فرۆشیار؟؟.
وەڵام: فرۆشتنی گەنم بە سەوزی پێش رەقبوونی دەنكەكانی دروست نییە، مەگەر بە مەرجی یەكسەر لێكردنەوەی بیفرۆشێت، یان بەمەرجی یەكسەر هەڵقەندنی بەبنەوە بیفرۆشێت.
بەڵام زانایان دەفەرموون: ئەگەر ویستی بە سەوزی بیكرێ بۆ عەلەفی ئاژەڵ ئەوە ڕێگەی شەرعی بۆ ئەم كارە ئەوەیە بەمەرجی یەكسەر لێكردنەوە و هەڵكەندن بە بڕكەوە بیكڕێت، پاشان زەویەكە لە خاوەنەكەی بە كرێ وەربگرێت یان لێی بخوازێتەوە تا ئەوكاتەی بەروبومەكە لێدەكاتەوە.
سەبارەت بەو دانەوێڵانەی دەنكەكانیان رەق بووە و دروست نییە لەناو گوڵەكانیان بفرۆشێن و پێویستە لە گوڵەكانیان دەربهێنرێن و جودابكرێنەوە ئینجا بفرۆشرێن، بەڵام ئەو جۆرانەیان كە دەنكەكانیان دیارو بەرچاوە وەك جۆ دروستە بەبێ مەرجی لێكردنەوە بفرۆشرێت، سەبارەت بە زەكاتیش زەكات لەسەر خاوەن تۆوە واتە لەسەر فرۆشیارەكەیە نەك كڕیار.