بێ کاردانەوە نەبوو
لە یارییەکى تۆپی پێی تورکیادا سوکایەتی بە لەیلا زانا کرا
964+
فەرهاد حەسەن
سوکایەتیکردن بە کەسایەتی سیاسی دیاری کورد لەیلا زانا، کاردانەوەیاکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەتیش لەوکاتەدایە کە پڕۆسەى ئاشتى لە تورکیا بەڕێوەدەچێت دەڵێن پرۆسەکە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکى نوێدایە.
رۆژى سێشەممە 16.12.2025 لەمیانەى بەڕێوەچوونی یارى تۆپی پێی نێوان یانەی سۆماسپۆر و بورساسپۆر، ژمارەیەک لە هاندەرانی بورساسپۆر هوتافى سووکایەتی ئامێزیان دژى لەیلا زانا وتەوە.
کاردانەوەکان دژى بێڕێزیکردن بە لەیلا زانا یەکێک لە دیارترین سیاسەتمەدارى کورد لە باکورى کوردستان زیاتر دەبن و وەزارەتى دادى تورکیا لێکۆڵینەوە دەکات، لەرووداوێکدا کە وەک تاقیکردنەوەیەکى نوێ لەبەردەم پڕۆسەى ئاشتى لێکدەدرێتەوە.
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتى) داواى گرتنەبەرى رێکارى پێویست دەکات و لە راگەیەنراوێکدا جەختیکردەوە، ئەم زمانە ژەهراوییە، دەربڕینی عەقڵیەتێکی رەگەزپەرستی و فاشیستییە.
دەم پارتى پێیوایە، ئەو رووداوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى تورکیا بەپەلە پێویستى بەوە هەیە یاسا دابنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەى رووداوى لەو شێوەیە و سزادانى تاوانباران و دەڵێت “رووداوى لەو شێوەیە دەرەنجامى ئەوەیە رق و کینەی دژە کورد بێ سزا ماوەتەوە”.
دواى فراوانبوونى کاردانەوەکان، یڵماز تونچ وەزیری دادی تورکیا بەڵێنیدا لێکۆڵینەوەی پێویست ئەنجام بدەن و دەشڵێت، هەمووان دەیانەوێت پرۆسەی ئاشتى لە تورکیا سەربکەوێت، بۆیە نایانەوێت هیچ هەڵوێست و رەفتارێک زیان بەم پرۆسەیە بگەیەنێت.
لەیلا زانا، لە خولی 19ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە 1991 توانی لەسەر لیستی پارتی گەلی سۆسیال دیموکرات بە ئەندامی پەرلەمان هەڵببژێردرێت و لە ڕۆژی سوێندخواردنیشدا کە لە 6.10.1991 بەڕێوەچوو، بە هۆی ئەوەی لەیلا ڕەنگەکانی سور، زەرد و سەوزی بەسەرەوە بوو و لە کاتی سوێندخواردندا بە زمانی کوردی گوتی “لەپێناو برایەتیی تورک و کورد ئەم سوێندە دەخۆم” لەو دانیشتنەی پەرلەمان دووچاری کاردانەوەی توند بوەوە.
دواتریش، لە خولەکانی 19، 24، 25 و 26ی پەرلەمانی تورکیا بە پەرلەمانتار هەڵبژێردراوە و یەکێک بوو لە کاراکتەرە دیارەکانی گۆڕەپانی سیاسی و رۆڵێکی گرنگی گێڕا لە پرۆسەی ئاشتیدا.