خورماتوو

پێنج بڕیاری نوێ بۆ سوککردنی ئەرکی خاوەن پرسەکان دەرکرا

964+

سیروان خورشید – خورماتوو

بەڕێوەبەرایەتی وەقفی سوونی لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی و کەسایەتییەکانی قەزای خورماتوو، پێنج بڕیاری نوێیان بۆ گۆڕینی شێوازی پرسەدانان دەرکرد کە ئامانجی سەرەکییان کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی و جەستەیی سەرشانی خاوەن پرسەکانە، لەمەودوا پرسە تەنیا بۆ دوو رۆژ و لە کاتی ئێواراندا دەبێت.

هونەر تاهیر، بەڕێوەبەری وەقفی سوونی خورماتوو بە 964ـی وت، بەپێی رێکارە نوێیەکان دانیشتنی بەیانیانی پرسە نامێنێت و لە پرسەکاندا تەنیا ئاو دابەش دەکرێت، خواردن و خواردنەوەی هەموو جۆرە خواردن و قاوەیەک قەدەغە دەکرێت، خاوەن پرسەکە پێویست ناکات لەبەر میوانەکان هەڵسێت و بچێت بەدەمیانەوە، ئەو کارە تەنیا دەتوانن بۆ ئەو میوانانە بکەن کە لەدەرەوەی شارەوە ھاتوون.

وتیشی، سەبارەت بە تێچووی هۆڵ و قورئانخوێنیش، نرخی هۆڵ بۆ دوو رۆژەکە تەنیا بە 50 هەزار دینار جێگیر کراوە تا خەڵک خێوەت بەکرێ نەگرن، بۆ قورئانخوێنیش پێشنیار کراوە سەماعە بەکاربهێنرێت، بەڵام ئەگەر خاوەن پرسە بیەوێت قورئانخوێن بهێنێت، کرێکەی بۆ هەر دوو رۆژەکە تەنیا 100 هەزار دینار دەبێت و ئیتر 250 هەزار دینار وەرناگیرێت.

روونیشیکردەوە، ئەم بڕیارانە تەنیا سنووری قەزای خورماتوو دەگرێتەوە و وەک هەوڵێکە بۆ رێگریکردن لەو خەرجییە “هەڕەمەکییانەی” پێشتر بەرۆکی خاوەن مردووی دەگرت، داواشی لە هاوڵاتییان کرد، پابەندی رێکارە نوێیەکان بن و بڕیاریشە ئەمڕۆ هەینی، مامۆستایانی ئایینی لەسەر مینبەرەکانەوە وردەکاریی زیاتر بۆ خەڵک روون بکەنەوە تاوەکو ببێتە کلتوورێکی جێگیر و ئاسانکاری بۆ هەمووان بکات.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

بۆ ئەوەی قەرەباڵغی دروست نەبێت دانانی پرسە قەدەغەکرا

بۆ ئەوەی قەرەباڵغی دروست نەبێت دانانی پرسە قەدەغەکرا