جەژنی "رۆژیێن ئێزی"
ئەمڕۆ جەژنی گەورەی کوردانی ئێزدییە
964+
ژێوار خدر
کوردانی ئێزدی لە کوردستان و سەرانسەری جیهان، ئەمڕۆ هەینی 19.12.2025 جەژنی “رۆژیێن ئێزی” دەگێڕن، ئەم جەژنە کە یەکێکە لە پیرۆزترین بۆنە ئایینییەکانی ئێزدییەکان، پاش سێ رۆژ لە بەڕۆژووبوونی چڕ دێت، وەک هێمایەک بۆ سوپاسگوزاری بەرامبەر “خودا” و پیرۆزکردنی کورتترین رۆژەکانی ساڵ لە رووی کاتەوە، تەماشا دەکرێت.
ئەم جەژنە دەکەوێتە هەفتەی دووەمی مانگی کانوونی یەکەم، کە تێیدا بڕوادارانی ئێزدی لە رۆژانی سێشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممەدا بەڕۆژوو دەبن، لەم سێ رۆژەدا، ئێزیدیییەکان نەک تەنیا لە خواردن و خواردنەوە، بەڵکو لە “خوێنڕشتن، شەڕ و تەنانەت قسەی خراپ”یش خۆیان دەپارێزێن، هەموو جۆرە کارێکی رۆژانە رادەگیرێت و تەنیا کات بۆ نزا و پاڕانەوە لە “سوڵتان ئێزی” تەرخان دەکرێت، کە بەپێی ئایینەکە وەک نوێنەری خودا لەسەر زەوی و پارێزەری گەردوون تەماشا دەکرێت.
لەگەڵ هاتنی جەژنەکە رێوڕەسمەکان بە سەردانی مەزارگە پیرۆزەکان و گۆڕستانەکان لە بەیانییەکی زوودا دەستپێدەکەن، لای ئێزدییەکان ئەم رۆژە تەنیا بۆ خۆشی نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ “صڵاحەت” یان ئاشتکردنەوەی ئەو کەسانەی لە یەکدی زوویرن، بەپێی نەریتی ئایینەکە، هیچ جەژنێک بەبێ لێبووردن و ئاشتبوونەوەی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکدی تەواو نابێت.