ئەمڕۆ رۆژی خۆبەخشانە
لە هەولێر کار بۆ بە سیستەمکردنی کارە خۆبەخشییەکان دەکرێت
رێباز خدر – هەولێر
ئەمڕۆ رۆژی خۆبەخشانە و لە هوتێل شیراتۆنی هەولێر،کۆمەڵێک لە خۆبەخش و رێکخراوە خۆبەخشیەکان رێزلێنانیان پێ بەخشرا، پارێزگای هەولێریش کار بۆ بە سیستەمکردنی کارە خۆبەخشییەکان دەکات.
ناز جەلال، بەرێوەبەری قەیرانەکان لە پارێزگای هەولێر بە 964 ی وت، وەکو پاڵپشتیەک بۆ خۆبەخشان هەڵساون بە بەخشینی خەڵاتی ریزلێنان بۆ کۆمەڵێک کوڕ و کچی خۆبەخش.
وتیشی “لە هەوڵداین لە داهاتوو دا کارە خۆبەخشیەکان بە شێوەیەکی سیستەماتیک بکەین تاوەکو ماف و شایستەکانی کاری خۆبەخشی پارێزراو بن”.
سەفین حوسێن، گەنجێکی خۆبەخشە و لە مەراسیمەکە بوو، ماوەی سێ ساڵە کاری خۆبەخشی دەکات و بە 964 ی وت، بەهۆی ئەو بارودۆخە نالەبارە ئابووریەی لە هەرێمی کوردستان هەیە بەشێکی زۆر لە گەنجان کاریان دەست ناکەوێت و پەنا دەبەنە بەر کاری خۆبەخشی، بەڵام زۆر جار بەشێک لە خاوەن کار و رێکخراوەکانی خۆبەخشی هاوکاری و یارمەتی پێشکەش بەو خۆبەخشانانە ناکەن کە کاریان لەگەڵ دەکەن، مافەکانیان پێشێل دەکەن.
وتیشی “یەکێک لە بنچینە گرنگەکان بۆ گەنجان کاری خۆبەخشیە، کە دواتر دەتوانێت کاری دەستبکەوێت و باکگراوندێکی زۆرباشی هەبێت لەو بوارەی کە حەز دەکات کاری تێیدا بکات”.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن