ئەرکی چی دەبێت؟

یۆنامی دەڕوات و عێراق رێکخەری نیشتەجێ دادەنێ

964+

ئەحمەد مستەفا

جێگری سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، غولام محەمەد ئیسحاق لە قۆناغی داهاتوودا ئەرکی هەماهەنگی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرێتە ئەستۆ وەک “رێکخەری نیشتەجێ”، ئەوەش هاوتایە لەگەڵ کۆتایی هاتنی کاری نێردەی “یۆنامی”.

نێردەکە لە ساڵی 2003 بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە 1500 دامەزراوە، دواتر لە ساڵی 2007 بەپێی بڕیاری 1770 ئەرکەکانی فراوانتر کران.

باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەت بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە، کۆتایی هاتنی کاری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق “یۆنامی”، وێستگەیەکی گرنگە لە ڕێڕەوی گەڕاندنەوەی سەروەریی بۆ عێراق، کە ئەرکی سەرەکیی “یونامی” سیاسی بووە، لەگەڵ رۆڵی دیکە کە بریتی بوون لە پاڵپشتیکردنی ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی و گفتوگۆی هەرێمی، کە ئەمەش دەسەڵاتێکی بەرفراوانی لە کارکردنیدا لە ناوخۆی عێراق پێ بەخشیبوو.

وتەبێژەکەی حکومەتی عێراق دەڵێت، ئێستا هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی عێراق گەیشتووەتە قۆناغی پێگەیشتن و هێز، پێویستە خۆی جڵەوی کارەکان بگرێتە دەست و بڕیارەکانی خۆی بدات و بەبێ چاودێری و سەرپەرشتی کاروباری ناوخۆ و دەرەوەی خۆی بەڕێوەببات، کە قۆناغی یەکەم دوای کۆتایی هاتنی ئەرکی “یۆنامی” بریتی دەبێت، لە رێککەوتن لەسەر پەسەندکردنی میکانیزمێکی نوێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگەی ئەوەی پێی دەوترێت “رێکخەری نیشتەجێ”.

فراوانبوونی ئەم دواییەی “یۆنامی”، وای کردبوو ژمارەی کارمەندانی لە عێراق بگاتە 648 کارمەند کە نیوەیان عێراقین و ئەوانی دیکە هی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکەن.

باسم عەوادی وتی، “غولام محەمەد ئیسحاق”، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پرۆسەی هەماهەنگی نێوان حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرێتە ئەستۆ، بە مەرجێک رۆڵەکەی تەنیا لە لایەنەکانی گەشەپێدان و مرۆییدا کورت بکرێتەوە، بەبێ هیچ رۆڵێکی سیاسی، نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزراوەی زۆر لە خۆدەگرێت کە تایبەتن بە گەشەپێدان، کاری مرۆیی، مافەکانی مرۆڤ، چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان و پەیوەندی لەگەڵیاندا تەنیا لە رێگەی “رێکخەری نیشتەجێ”وە رێکدەخرێت.

ئەوە لە حاڵێکدا،  رۆڵی سیاسیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەرکی “یۆنامی” لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا کۆتایی دێت، ئەوە لە کاتێکدا، عێراق بڕیاری داوە بە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بەپێی بەرنامەیەکی کاتیی راگەیەندراو کە لە ئەیلوولی 2026 پاشەکشەکە تەواو دەبێت.

سەرەڕای كۆتایی هاتنی ئەركەكانی یۆنامی نەتەوەیەكگرتوو...

سەرەڕای كۆتایی هاتنی ئەركەكانی یۆنامی نەتەوەیەكگرتووەكان دەست لە هەرێم هەڵناگرێت