"سێ رۆژە یەک ژەم نانمان پێدراوە"
190 عومرەکاری کەرکوک لە مەدینە گیریان خواردووە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ماوەی سێ رۆژە نزیکەی 190 عومرەکاری کەرکوک لە فڕۆکەخانەی مەدینە گیریان خواردووە و دەڵێن دۆخیان خراپە، بەرپرسانی فڕۆکەخانەی کەرکوکیش هۆکارەکەی بۆ “نەبوونی گەشتی شەوان” و خراپیی کەشوهەوا دەگەڕێننەوە.
قەمبەر ئەمین و عەلی ئەحمەد، کە دوو عومرەکاری کەرکوکین بە 964ـیان وت، لە رۆژی هەینییەوە لە فڕۆکەخانەی مەدینە ماونەتەوە، بەهۆی ئەوەی فڕۆکەکان لە بەغداوە درەنگ دەگەنە سعودیە و کاتێکیش دەگەڕێنەوە ئێوارە دەکات، فڕۆکەخانەی کەرکوکیش لە شەودا پێشوازی لە گەشتەکان ناکات.
عومرەکارەکان باسیان لەوە کرد، کە ژن و منداڵ و نەخۆشیان لەگەڵدایە و لەو ماوەیەدا “تەنیا یەک ژەم خواردنیان پێدراوە”، جگە لەوەی بەشێکیان فەرمانبەرن و مۆڵەتەکانیان تەواو بووە، بۆیە ترسیان لە سزای کارگێڕی هەیە.
هەردی سەمەد بەرپرسی راگەیاندنی فڕۆکەخانەی کەرکوک بۆ 964ـی روونکردەوە، “کێشەکە تەنیا رادار نییە، بەڵکو کەرکوک بەشێوەیەکی گشتی، گەشتی شەوانی نییە و هەر فڕۆکەیەک بنیشێتەوە بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆی خۆیەتی، هاوکات بەهۆی خراپیی کەشوهەوا و داخستنی فڕۆکەخانەکانی دیکەی عێراق، فشارێکی زۆر لەسەر هێڵەکان دروستبووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەو لۆدە زۆرەوە، ئەگەر هەیە بەشێک لە عومرەکاران لەبری کەرکوک، رەوانەی فڕۆکەخانەکانی سلێمانی، بەغدا یان نەجەف بکرێنەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر