شووشتن و پاككردنەوەی شەقامی ئیسكانی هەولێر
هەولێر
ئیسكان و دەوروبەری قەڵا شۆردران و پاككرانەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
تیمەكانی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر ئەمڕۆ بازاڕی ئیسكان و چاودەورەی قەڵای هەولێریان پاككردەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی سەر بە شارەوانیی هەولێر بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 11.12.2025 لەبەرەبەیانی زوودا بە سەرپەرشتی لیژنەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتییەكە، بە هەماهەنگی لەگەڵ کارمەندانی پۆلیسی هاتوچۆ، كاری خاوێنکردنەوەی تەواوی بازاڕی ئیسکان و شووشتنی شەقامەكانیان دەستپێكرد و شەقام و بازاڕەكەیان پاككردەوە.
هەروەها ئاماژەیان بەوەدا، شووشتنی شۆستە و شەقامەکان بە مەوادی تایبەتی پاککەرەوە كراوە، ئەوەش لەبەر بوونی چینێک چەوری و پیسی لە شەقام و شۆستەكانی بازاڕەكە، كە ئێواران بە دەیان عەرەبانە و مێزی فرۆشتنی خواردەمەنی لەوێ كاردەكەن.
بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی، هەروەها رایگەیاند، تیمەكانیان هەر بەوە نەستاون، بەڵكو هەر ئەمڕۆ شەقامەکانی بازاڕی سەنتەری شار و چواردەوری قەڵای هەولێریان شووشتووە و پاكوتەمیزیان كردووەتەوە.