"بە چاویاندا دیاربوو داوای رزگارکردن دەکەن"
ئاژەڵدۆستێک بووە فریادڕەسی سەگە بێلانەکان؛ لە لافاوەکەی چەمچەماڵ
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
لە لافاوەکەی چەمچەماڵ هەر هاوڵاتیان لێیان نەقەوما ئاژەڵەکانیش بێ خانە و لانە بوون، ئەگەر بەشێک لە ئاژەڵدۆستان نەبوونایە، زۆریان تەلەف دەبوون.
راستی خالید نموونەی ئەو ئاژەڵدۆستانەیە کە ئۆتۆمبێلەکەی جێهێشتووە و بووەتە فریادڕەسی هەشت سەگی بێلانە، ئەو قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “لەکاتی دروستبوونی لافاوەکە بە سەیارەکەم دەڕۆیشتم، ئەو سەگانەم بینی، وەکوو ئەرکێکی ئینسانی بەرەوپیریان رۆیشتم، هەندێکیان کە بەچکە بوون، ئاو و بارانیان نەبینیبوو، لافاوەکە سێ دانەیانی برد، بەپەلە یەکێکیانم هەڵگرتەوە و دووانەکەی تریشم خستە سەر شۆستەکە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو کاتەدا هەندێک لە هاوڵاتیان هاوکاریان کردووە و دواتر هەر خۆی هەشت سەگی بردووەتەوە ماڵەوە و پەنای داون.
“لافاوەکە زۆر زۆر گەورە بوو، هەستمکرد خۆشم لەگەڵ سەگەکان دەبا، شتی وام هەر لە فیلمەکاندا بینیوە، سەگەکان بەچاویاندا دیاربوو داوای رزگارکردن دەکەن”، راستی خالید وادەڵێت.
راستی خالید کە سەگەکانی بردووەتە بەر زۆپا و گەرمی کردوونەتەوە، باسی لەوەکرد، دوای خزمەتکردن و پێدانی خواردن بە سەگەکان، پێنجیانی بەڕەڵا کردووە، بەڵام سێ دانەیان کە وەزعیان خراپبوو، شەوێک لای خۆی هێشتوونیەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری