ئەمەل جەلال، سەرۆکى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێم - وێنە: 964
بۆ ماڵە زیانلێکەوتووەکان
گەشتوگوزار: هۆتێل و پڕۆژە گەشتیارییەکان دەرگاکانیان واڵا بکەن
964+
ئەحمەد مستەفا
داوا لە سەرجەم خاوەن پڕۆژەکان، بنکە گەشتیارییەکان، هۆتێل و مۆتێل و کۆمەڵگە گەشتیارییەکان دەکەین، کە دەستبەجێ دەرگاکانیان واڵا بکەن و بە هەموو توانایەکیانەوە بە هانای لێقەوماوان و ئەو خێزانانەوە بچن کە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە یان ماڵەکانیان جێهێشتووە.
ئەمە قسەی ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانە و ئەمشەو 9.12.2025 ئەو داوایەی لە ناوچە گەشتیارییەکان کردووە.
لە پەیامێکدا کە 964 بینوویەتی ئەمەل جەلال دەشڵێ، ئەمڕۆ رۆژی هاوکاری و تەباییە و پێویستە هەموومان وەک یەک تیم کار بۆ پاراستنی گیان و سەلامەتی هاوڵاتییان بکەین، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی گەشتوگوزار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ڕاسپێردراون و خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، تاوەکو هەماهەنگی تەواو و راستەوخۆ بکەن لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان.
چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بارانبارینی باش رووی لە ناوچەکانی کوردستان کردووە و ئەمڕۆش لە چەمچەماڵ و چەند شوێنێکی دیکە لافاو دروستبوو و جگە لە زیانی گیانی کە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چوار کەس بریندار بوون، زیانی ماددی زۆریش بەر هاوڵاتی و ماڵەکانیا گەیشت.
پێشتر، قایمقامیەتی چەمچەماڵ لە راگەیەنراوێکدا وتی، بەهۆی لافاوی چەند کاتژمێری رابردووی قەزای چەمچەماڵەوە دوو هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و چوار هاوڵاتی دیکەش برینداربوون، دواتریش لە بڵاوکراوەیەکدا بۆ رای گشتی راگەیاند، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێیاندراوە، سبەی چوارشەممە 10.12.2025 لە سەرجەم دام و دەزگا حکومیەکان و قوتابخانە و خوێندنگەکان و زانکۆ و پەیمانگاکان پشووی فەرمی دەبێت لە قەزاکە.
دوای ئەوە هەریەک لە ناوجەکانی، شارەزوور، قەرەداغ، پێنجوێن و هەڵەبجە بۆ کەرتی پەروەردەی قەزاکانیان کردیان بە پشوو.
پەیامێک لە سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار
“بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە دەڕوانینە ئەو دۆخە نەخوازراوەی بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و دروستبوونی لافاوەوە ڕووی لە ناوچەکەمان کردووە بەتایبەت سنووری چەمچەماڵ، کە بەداخەوە بووەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوون و کەوتنەوەی زیانی ماددی زۆر بە هاووڵاتیانمان. پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان دەکەین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و مرۆیی، داوا لە سەرجەم خاوەن پڕۆژەکان، بنکە گەشتیارییەکان، هۆتێل و مۆتێل و کۆمەڵگە گەشتیارییەکان دەکەین، کە دەستبەجێ دەرگاکانیان واڵا بکەن و بە هەموو توانایەکیانەوە بە هانای لێقەوماوان و ئەو خێزانانەوە بچن کە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە یان ماڵەکانیان جێهێشتووە. ئەمڕۆ ڕۆژی هاوکاری و تەباییە و پێویستە هەموومان وەک یەک تیم کار بۆ پاراستنی گیان و سەلامەتی هاووڵاتیان بکەین.
هەروەها لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی گەشتوگوزار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ڕاسپێردراون و خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، تاوەکو هەماهەنگی تەواو و راستەوخۆ بکەن لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان (JCC) و تیمەکانی بەرگری شارستانی، بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاری پێویست و ئاسانکاری بۆ زیانلێکەوتووان.
داواکارین لە یەزدانی مەزن وڵاتەکەمان و هاووڵاتیانمان لە هەموو بەڵایەک بپارێزێت.”
ئەمەل جەلال
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار