ئەوقافى گەرمیان: قیبلەکانیان لار نین

جاسم کەلارى: پێنج مزگەوتى کەلار قیبلەکانیان لارە

964+

میلاد جەلال- گەرمیان

جاسم کەلارى، یەکێک لە مامۆستا ئاینییە دیارەکانى سنوورى گەرمیان، لە پۆستێکدا کە لە ئەکاونتى خۆى لە فەیسبوک کردویەتى ، ژمارەیەک وێنەی مزگەوتەکانى کەلاری داناوە کە قیبلەکانیان ھەڵەیە و لارە، لەنێو ئەو مزگەوتانە مزگەوتی گەورەی کەلار ھەیە کە رۆژانە کاسبکاران و خەڵکێکی زۆر لەو مزگەوتە نوێژەکانیان ئەنجام دەدەن، ئەوقافی گەرمیانیش دەڵێت،”قیبلەی مزگەوتەکان کێشەی نییە و نوێژەکانیان قبوڵە”.

دەبێت پۆستەکەى بسڕێتەوە

لەسەر ئەو بابەتە، سەباح محەمەد، بەڕێوەبەری ئەوقافی گەرمیان بە 964ـى وت،”قسە لەگەڵ ئەو مامۆستایە دەکەین بابەتەکەی بسڕێتەوە، چونکە بڕیاردان لەسەر قیبلەی مزگەوتەکان پێویستی بە لیژنەی پسپۆر ھەیە و فەرمانی وەزارەتی ئەوقافی دەوێت”.

پۆستەکە سڕایەوە

لە کاتى ئامادەکردنى هەواڵەکە، 964 بەدواداچوونى بۆ ئەو پۆستە کرد کە جاسم کەلارى لە فەیسبوکى خۆى کردبووى، دەرکەوت کە بابەتەکەى سڕیوەتەوە.

“ئەو مزگەوتانەی کە دروستکراون کاتی خۆی بەپێی قیبلەنما دروستکراون و ھیچ گرفتێکیان نیە، ناکرێت لەرێگەی مۆبایلەوە ئەو بابەتانە دیاری بکرێت، نوێژخوێنان دڵنیا دەکەینەوە کە قیبلەی مزگەوتەکان دروستن و نوێژەکانیان قبوڵە و دودڵ نەبن”،سەباح محەمەد وای وت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح