گەنجێکی عەرەب لە رووباری خابوور لە خنکان رزگارکرا

964+
شڤان عەبدوڵڵا – زاخۆ
ئێوارەی ئەمڕۆ گەنجێکی تەمەن 18 ساڵی بە رەگەز عەرەب لە رووباری خابوور لە خنکان رزگارکرا.
رووداوەکە کاتژمێر 5ـی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 4.3.2023 بووە و تیمەکانی فریاگوزاریى مەلەوانی زاخۆ کارەکەیان ئەنجامداوە.
گەنجەکە کوڕێکی خەڵکی شاری موسڵەو ناوی “ا.ح.ی”ـە و لە زاخۆ نیشتەجێیە، بەمەبەستی کات بەسەربردن چووەتە سەر رووبارەکە و کەوتووەتە ناویەوە.
ئەڤیندار عیزەت، بەرپرسی راگەیاندنی بەرگری شارستانی زاخۆ بە 964ـی وت، دوای ئاگادارکردنیان لەو رووداوە، راستەوخۆ گەیشتوونەتە سەر رووبارەکە و ئەو گەنجەیان رزگار کردووە.
“گەنجەکە بەهۆی ساردیی ئاوەکەوە تەندروستیی تێکچووبوو و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە رەنگە ئەمشەو بنێردرێتەوە ماڵەوە” ئەڤیندار عیزەت وای وت.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد