شارەوانی دەربەندیخان رۆنە رەشەکەی سەر شەقامی نزیک فولکەی پەری دەریای پاککردەوە – وێنە؛ سەرۆکایەتی شارەوانی دەربەندیخان
بەهۆی وەرگەڕانی بارهەڵگرەکە هێشتا مەترسی ماوە
شۆفێران بە وریاییەوە بە شەقامی نزیک فولکەی پەری دەریا هاتوچۆ بکەن
964+
شۆڕش قادری
پاشماوەی ئەو تانکەرەی لە نزیک فولکەی پەری دەریا لە دەربەندیخان وەرگەڕا، پاککرایەوە، بەڵام هێشتا مەترسی لەسەر رێگاکە ماوە و دەبێ شۆفێران بە وریاییەوە هاتوچۆ بکەن.
بەپێی راگەیەنراوێکی سەرۆکایەتی شارەوانی دەربەندیخان، دوای ئەوەی شەوی هەینی رابردوو بارهەڵگرێكی گواستنەوەی رۆنی رەش لە لێژاییەکی فولکەی پەری دەریا لە كۆنتڕۆڵ دەرچوو و وەرگەڕا، تیمەكانیان بە هاوكاری كۆمپانیای ئۆرانۆس هەستاون بە پاككردنەوەی پاشماوەی بارهەڵگرەكە كە ببوەهۆی پەككەوتنی جوڵەی شەقامەكە.
بەڵام شارەوانی دەربەندیخان داوا لە شۆفێران دەكات، هێشتا بە ئاگاییەوە شەقامی نزیك فولکەی پەری دەریا بەکاربهێنن چونكە بەهۆی وەرگەڕانی ئەو بارهەڵگرە، رێژەیەکی بەرچاو لە رۆنی رەش رژاوە و تائێستاش كاریگەری لەسەر هاتوچۆی ئۆتۆمبێل ماوە.
سلێمان محەمەد قایمقامی دەربەندیخانیش بە 964ـی وت، “ئێمە بەردەوام داوا لە شۆفێران دەکەین کە بە وریاییەوە بەو شەقامەکەدا هاتوچۆ بکەن و ئەمڕۆش کە قەرارە باران ببارێ، ئەو مەترسییە زیاتر دەبێت”.
وتیشی، بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکات و خۆی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ و سەرۆکایەتی شارەوانی لەسەر خەت دەبێ.