دوو کارمەندی کۆمسیۆن سەرقاڵی گواستنەوەی سندوقی دەنگدانن _ وێنە: ئەرشیفی 964
کۆمسیۆن یان دارایی بڵاوی دەکەنەوە
ئەنجام پەسەندکرا کارمەندانی سەرسندوق حەقەکەیان وەردەگرن
964+
ئەحمەد مستەفا
هەر ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەندکرا، دەست دەکرێ بە پێدانی پارەی کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان، ئەوانەی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی عێراق ئەرکدار کرابوون.
ئەوەی ئێستا ماوەتەوە، یەکلاکردنەوەی تانەکانە، کە لە ئەنجامی هەڵبژارنەکان دراوە.
ئەمڕۆ هەینی 5.12.2025، حەسەن سەلمان راوێژکاری یاسایی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی حکومەتی عێراقی وتووە، دوای کۆتایی هاتن و پەسەندکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن و ناوی کاندیدە براوەکان لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە، پارەی کارمەندان یەکلایی دەکرێتەوە.
ئەو راوێژکارە یاساییە لە بارەی وادەی پێدانی بڕە پارەکە نوسیوویەتی، وادەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی یان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە رادەگەیەنرێت.
بڕە پارەکە لە 50 هەزار دینار و سوپاسنامەیەکەوە، بۆ کارمەندانی یەدەگ بۆ 400 هەزار دیناری رێکخەران دەبێت، وە لە رێگەی لقەکانەوە ئاگاداری کارمەندانی ئەو پارێزگایە دەکرێ، کە بڕە پارەکەی بۆ خەرج کراوە.
دوێنێ، پێنجشەممە 4.12.2025 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان وتی، کە دەستەی دادوەری تا ئێستا زیاتر لە 800 تانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رەتکردووەتەوە، ئەوانەی ماونەتەوە یەکلایی دەکاتەوە و رۆژی یەکشەممەی داهاتوو رەوانەی کۆمسیۆنیان دەکاتەوە.