پەیامى بڵاوکردەوە
شێرزاد حەسەن: شوکرانە بژێر و سوپاسگوزارم
964+
وریا فەتاح
دواى ئەوەى 10 رۆژ لەمەوبەر تووشى رووداوى هاتوچۆ بوو، ئەمڕۆ شێرزاد حەسەن، نوسەر و رۆماننوس، پەیامێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت: ئەمن قەرزار وەفاداری هەمووتانم، یەکە بە یەکە وئەمەکدار و شوکرانە بژێرم.
رۆژى 24.11.2025، شێرزاد حەسەن لە شەقامى عەقارى شارى سلێمانى، ئۆتۆمبێلێک خۆى پێداکێشاو بریندار بوو.
لە پەیامەکەیدا شێرزاد حەسەن نوسیویەتى،” من لە رۆژی یەکەمەوە کە تووشی ئەو رووداوە بووم تاوەکو ئێستا ئاگادارم کە ئێوەی ئازیز وخۆشەویست خەمخۆری منن بە بێ ئەوەی من دەنگ هەڵبڕم و هاوار بکەم کە فریام بکەون، یان پەناتان بۆ بەرم، خۆڕسکانە پەرۆش و دڵگەرم بوون کە لە دۆخی نالەباری من و تەنگژەباری بە دوای منەوە بوون، زۆر زەحمەتە ناوی هەمووتان بژمێرم، دەشزانم ئاسان نییە ناوی هەزەران لێرەدا بنوسم، ئەمن قەرزار وەفاداری هەمووتانم، یەکە بە یەکە وئەمەکدار و شوکرانە بژێرم”.
دەقى پەیامەکەى شێرزاد حەسەن:
شوکرانە بژێر و سوپاسگوزارم
دۆستان و خۆشەویستانی من ئەم کاتەتان باش!
من لە رۆژی یەکەمەوە کە تووشی ئەو ڕوداوە بووم تاوەکو ئێستا ئاگادارم کە ئێوەی ئازیز وخۆشەویست خەمخۆری منن بە بێ ئەوەی من دەنگ هەڵبڕم و هاوار بکەم کە فریام بکەون، یان پەناتان بۆ بەرم، خۆڕسکانە پەرۆش و دڵگەرم بوون کە لە دۆخی نالەباری من و تەنگژەباری بە دوای منەوە بوون. زۆر زەحمەتە ناوی هەمووتان بژمێرم، دەشازنم ئاسان نیە ناوی هەزەران لە سەر لێرەدا بنوسم!! ئەمن قەرزار وەفاداری هەمووتانم، یەکە بە یەکە وئەمەکدار و شوکرانە بژێرم
دۆستانی زێدە خۆشەویستی من .. بە داوای لێبوردنەوە ناتوانم هەمووتان بەسەر بکەمەوە و وەڵامی یەکە بە یەکەتان بدەمەوە ڕەنگە بۆ من کە هێشتا لەژێر چارەسەر و پشکنینم ئەو کارە ئاسان نەبێت.. من دڵنیاتان دەکەمەوە من لە ئێستادا بەرەو باشی هەنگاو و دەنێم.. دڵنیام ..
دەخوازم بزانن کە هاوڕێم “ئاسۆ دیلان” تەمەنێکە وەک ئەدمین کۆمەکم دەکات ولەدێرزەمانەوە کۆمەکی کردووم و تاکە دۆستێکە کە زمانحاڵ وئەدمنێکی پاکزاد و جوامێر بووە کە دەستگێرۆیی منی کردووە کە من بە بێ ئەو زاتە پەکم دەکەوت، تاوەکو هەنووکەش بەردەوامە و و ئەو کاری پەیج و پروفایلی فەیسبوک و ماڵپەڕەکەم www.sherzadhassan.com دەبات بەڕێوە.
هەروەها دەمەوێ سڵاو و ئەمەکداری تایبەتیم بنێرم بۆ کۆی دۆستانی نەخۆشخانەی “شار”
کە کۆی دکتۆر و ستافی پەرۆش و کارمەندانی هەر هەمووان کە لە سەرەتاوە بە پیر منەوە هاتوون و درێغیان نەکرد و منیان زیندوو کردەوە کە من بۆ هەموو تەمەنم قەرزار و ئەمەکداری هەر هەموویانم، کە بە دڵ و کوڵ منیان لە تەنگانە و تەنگژەباری رزگاریان کردووم لە مەرگ و شکستبوون و هەناسەسورییایەک کە تەنها خۆم دەیزانم.. هەر بژین و سەرفرازیان بۆ دەخوازم تاوەکو ماوم!
هەر بژین و سەرفراز بن
دڵسۆزتان: شێرزاد حەسەن