پرسیارەکە دەبەنە ماڵەوە بۆی
قوتابییەک پێش تاقیکردنەوە قاچی دەشکێ
964+
ئاکام غەفور – سۆران
قوتابییەک لە سرێشمەی ئیدارەی سۆران، لە رۆژی تاقیکردنەوە قاچی دەشکێت و ناتوانێت بچێتە قوتابخانە، بەڵام مامۆستاکانی بێ هیوایان نەکرد و ئەوان بۆ تاقیکردنەوە چوون بۆ ماڵەوە بۆ لای.
لە شارەدێی سرێشمە قوتابیەک لە ماڵەکەیان دەکەوێت بەهۆیەوە قاچێکی دەشکێت، ئەمڕۆش تاقیکردنەوەی هەبووە لە قوتابخانە، مامۆستاکانی بڕیار دەدەن بۆ ئەوەی قوتابیەکە لە تاقیکردنەوە بێ بەش نەبێت ئەسیلەی تاقیکردنەوەی بۆ ببنە ماڵەوە لەوێ تاقیکردنەوەی خۆی کردوە.
مامۆستا ئاراس فەرعان، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە و بۆ 964 دەڵێت، ئەمە ئەرکێکی ئینسانی بوو کە کردمان، باوکی کچەکە پێشمەرگەیە و لە دەوامە کەس نەبوو بیهێنێتە قوتابخانە بۆیە بڕیارمان دا ئێمە بێنە ماڵەکەی و لێرە تاقیکردنەوەی خۆی بکات.
وەک باسی دەکات، قوتابیەکە دوو تاقیکردنەوەی تریشی هەیە، ئەوان بڕیاریان داوە هەر بێنە ماڵەکەی و بەم شێوەیە تاقیکردنەوەی خۆی بکات.
ئێڤار چیابین، کچە قوتابییەکەیە لە رێگای 964 زۆر سوپاسی مامۆستاکانی دەکات، دەڵێت، ئەمڕۆ لە بابەتی کۆمەڵایەتی زۆرباش وەڵامم دایەوە و زۆریش دڵخۆش بووم کە مامۆستاکانم هاتن بۆ ماڵەکەمان.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا