10 ملیۆن دیناری ماراسۆن به‌ نه‌خۆشخانه‌ی نانه‌كه‌لی به‌خشرا

964+
مه‌ریه‌م ئه‌حمه‌د

له‌ هه‌ولێر، رێكخراوی ئەربیل ماراسۆن بۆ وەرزش و ئاشتی بە هاوئاهه‌نگی لەگەل نەخۆشخانەی نانەكەلی، چوارەمین راكردنی ئومێدی لە ژێر دروشمی “وەرزش دەكەین، ئومێد دەبەخشین” رێكخست،

ماراسۆنه‌كه ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 4.3.2023‌ كرا، كه‌ بۆ سێ كیلۆمه‌تر بوو، له‌ رێگه‌ی كه‌ركوك بۆ نه‌خۆشخانه‌ی نانه‌كه‌لی رێكخرا.

پێشتر راگه‌یاندرابوو داهاتی ماراسۆنه‌كه‌ پێشكه‌ش به‌ نه‌خۆشخانه‌ی نانه‌كه‌لی بۆ نه‌خۆشییه‌كانی شێرپه‌نجه‌ و خوێن ده‌كرێت.

داهاتی ماراسۆنه‌كه‌ش 10 ملیۆن دینار بوو، دوای ئه‌وه‌ی نزیكه‌ی 1000 كه‌س به‌شداریی ماراسۆنه‌كه‌یان كرد.

ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كچان و كوڕانی شاره‌كانی كوردستان و رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش به‌شداریی ماراسۆنه‌كه‌یان كرد، كه‌ ركابه‌رییه‌كی به‌هێز هه‌بوو بۆ بردنه‌وه‌ی پله‌كانی پێشه‌وه‌.
له‌ كۆتایی ماراسۆنه‌كه‌دا ئه‌نجامه‌كان به‌م شێوه‌یه‌بوون:

له‌ ئاستی كوڕان، میلاد ساڵح پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێنا، بنار محه‌مه‌د و رێڤینگ مه‌حمود پله‌كانی دووه‌م و سێیه‌میان برده‌وه‌.
هه‌روه‌ها له‌ ئاستی كچان، ئامار خدر پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێنا، پله‌كانی دووه‌م و سێیه‌میش بۆ ئاشتی موراد و زه‌ینه‌ب جه‌مال بوو.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا