"ویستم وانەی سەربەستی و ئازادی بڵێمەوە"
بە ئازادکردنی باڵندەیەک وانەیەکی ئەخلاقی بە قوتابییەکانی وتەوە
964+
ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە
باڵندەیەکی گرانبەها رێی لێ تێکچوو و کەوتە ناو قوتابخانەی شەھید ئەنوەری بنەڕەتی ھەڵەبجە، مامۆستایەک هەلەکەی قۆستەوە و بە ئازادکردنی باڵندەکە، وانەیەکی ئەخلاقی و ئینسانی بە قوتابییەکان وتەوە.
باڵندەکە لە هەڵەبجە پێیدەڵێن واشە، لە جۆری شاهینە و هەمان ئەو باڵندەیەیە کە چەند مانگ لەمەوبەر لە گەرمیان چەند راوچییەک راویان کرد و دواتر لەڕێی پۆلیسی دارستان و ژینگەوە گەڕاندیانەوە بۆ سروشت، ئەو مامۆستایەی باڵندەکەی ئازاد کردووە، مامۆستا ئەیوب عەنەبی مامۆستای وانەی عەرەبی و ئایینە، ئەو قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “ویستم بە ئازادکردنی ئەو باڵندەیە لە بەردەم قوتابییەکاندا، وانەی سەربەستی و ئازادیان پێبڵێمەوە”.
“ئازادی سەرمایەیەکی گەورە و گرنگە، تەنیا دیلەکان هەستی پێدەکەن”، مامۆستا ئەیوب وادەڵێت.
باسی لەوەشکرد کە هەندێک کەسێک پێیان وتووە، ئەو باڵندەیە گرانە و چەند دەفتەر دۆلار دەکات و ئەگەر بیەوێ، موشتەری بۆ پەیدا دەکەن، بەڵام ئەو پێیوایە کە ئازادکردن و پێدانی ئەو وانەیە بە قوتابییەکان، نرخەکەی زۆر لەوە زیاترە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری