بەحرکە
پیاوێکی ریش سپی و خێرخواز بووەتە فریادڕەسی ماڵە ساردوسڕەکان
+964
رێباز خدر
پیاوێكی سەروڕیش سپی لە بەحركە خەریكی كاری خێرخوازییە و بەم زستانەش نەوت بۆ هاوڵاتیانی كەمدەرامەت و هەژار دابین دەكات، هەروەك چۆن لە وەرزی دەستپێكردنی خوێندنیشدا جلوبەرگ و جانتای بۆ منداڵە هەژارەكان دابین دەكرد.
قاسم یوسف، كە بە مام قاسم ناسراوە، هەرچەندە سەروڕیشی سپی بووە و تەمەنی هەیە، بەڵام بۆ كاری خێرخوازی ماندوو نابێ و دەڵێت، كاری بەخشین دەتگەیەنێت بە لوتكە و بەرزت دەكاتەوە، دەشڵێت، هەست ناكەم تەمەنم گەورە بێت و هەست دەكەم تازە لەدایكبوومە.
ئەو دانیشتووی قەزای بەحرکەیە لە پارێزگای هەولێر، تەمەنی 52 ساڵە و ماوەی زیاتر لە 15 ساڵە وەکو پیشەی هەمیشەیی خۆی دەبێتە فریادڕەسی ئەو ماڵەهەژار و کەمدەرامەتانە، کە باری داراییان خراپە.
مام قاسم لە وەرزی زستاندا نزیکەی 20 لیتر نەوت بۆ هەر ماڵێك دابین دەکات و بەشێکیش زیاتر لەو بڕەیان پێ دەدات، دەشڵێت، ئەمڕۆ نزیکەی 15 بەرمیل لەلایەن خێرخوازێک دابین کراوە و دابەشی 150 ماڵی دەكەن.
مام قاسم دەڵێت، “من ئەو کارە تەنیا لە پێناو رازیکردنی خوای گەورە دەكەم، ئەو لە من رازی بێت من هیچی ترم ناوێت”، دەشڵێت، کارە خێرخوازیەکانم لە هەموو وەرزەکانی ساڵە، لە وەرزی هاوین فێنککەرەوە لە وەرزی زستان زۆپا و نەوت، لە جەژنەکان گۆشت و پێداویستی جەژن دابین دەکەین، بۆ ئەو ماڵانەی کە شایستەن و توانای دابینکردنی پێداویستییەکانیان نییە.
باسی ئەوەش دەكات كە خەڵكانێكی خواپێداو لە پشت كارە خێرخوازییەكانی ئەون و نایانەوێت ناویان بهێنرێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا