"بە زەکات و سەرفترەی خەڵک دروستم کردبوو"
لیژنەی لابردنی زیادەڕەویی لە کەرکوک خانووی کرێکارێکی کوردیان رووخاند
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لیژنەی لابردنی زیادەڕەویی لە کەرکوک خانوویەکی تەواونەکراوی کرێکارێکی کوردی لە گەڕەکی کوردستان رووخاند کە خاوەن خانووەکە دەڵێ، بە زەکات و سەرفترەی خەڵک دروستی کردبوو.
هێمن عەبدولڕەحمان خاوەن خانووەکە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “هەر چواردەوری من، عەرەبن، بەڵام تەنیا خانووەکەی منیان رماندووە، داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەم، بێن بە هانامانەوە”.
“نزیکەی پێنج ملیۆن دینارم تێدا خەرج کردووە و هەموویشیم بە زەکات و سەرفترەی خەڵک دروستکردووە”، هێمن عەبدولڕەحمان وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کرێکاری دەکات و لەئێستاشدا لە خانوویەکی کرێدا لەگەڵ ژن و منداڵەکەی ژیان بەسەردەبەن.
سەبارەت بەو بابەتە سەلمان ئەحمەد سەرۆکی لێژنەی زیادەڕەویی لە گەڕەکی فەیلەق بە 964ـی وت، “ئەو خانووانەی لەو شوێنە دروست دەکرێن، زیادەڕەویین و نزیکن لە سیاجی فڕۆکەخانەی کەرکوک، بۆیە ئاسایشی فڕۆکەخانەکە لەڕێی دادگا و بنکەی پۆلیسی عەرەفەوە سکاڵا تۆمار دەکات و دەڵێت، نابێت رێگە بدرێت ئەو خانووانە دروست بکرێن”.
ئاشکراشیکرد، لە ماوەی رابردوودا چەند کەسێک وەک مافیای زەوی فرۆشتن لە لایەن ئاسایشی فڕۆکەخانەی کەرکوکەوە دەستگیر کراون و رەوانەی دادگا کراون، دواتر دەرکەوتووە کارمەندی هێزە ئەمنییەکانن و لەئێستادا لە بەشی کاروباری ناوخۆی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بەند کراون.
“کە دەچینە هەر گەرەک و شوێنێک ناپرسین، کوردی یان عەرەبی یان تورکمانی، بەڵام کە دەمانەوێت خانووی زیادەڕۆی عەرەبێک بڕوخێنین، یەکسەر ژن و منداڵ و تەنانەت منداڵی ناو بێشکەش دەهێننە بەردەم شۆفڵەکە بۆ ئەوەی خانووەکەیان نەڕوخێنرێت، بەڵام کورد ئەوە ناکات”، سەلمان ئەحمەد ئەمەشی وت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری