پاککرایەوە
زیاتر 100 گەڵابە پاشماوە لە سەرچاوەی ئاوی بێستانسوور فڕێدرا
964+
فەرهاد حەسەن
فەرمانگەی ئاوی شارەزوور دەڵێت بۆ پاککردنەوەی سەرچاوەی ئاوی بێستانسوور توانیویانە زیاتر 100 گەڵابە خۆڵ و پاشماوە و قەرەم و قەوزە فڕێبدرێتە دەرەوەی سنوری پڕۆژەکە و پاککرایەوە.
پاککردنەوەی سەرچاوەی سەرەکی پڕۆژەی ئاوی بێستانسوور، لەلایەن کارمەندان و فەرمانبەرانی فەرمانگەکە و پڕۆژەکەوە، هەروەها بە هاوکاری رێکخراوی تواناسازی ئافرەت WEO لقی هەڵەبجەی شەهید ئەنجامدراوە.
ئاوی شارەزوور دەڵێت، ئەم پاککردنەوەیە گرنگییەکی گەورەی هەیە لە زیاتر بایەخدان بە سێکتەری ئاو و دابینکردنی ئاوێکی خاوێن بۆ سوودمەند بوانی پڕۆژەکە.
ئەم پڕۆژەیە ئاو دابین دەکات بۆ هەریەك لە قەزای شارەزوور، هەردوو ناحیەی زەڕایەن و عەربەت، ئاوارەکانی رۆژهەڵات و گوندی بێستانسوور، کە زیاتر لە 220 هەزار هاوڵاتی ئاوی خواردنەوەی خاوێنیان بۆ دابین دەکرێت.
فەرمانگەی ئاو سوپاسی دانیشتوانی گوندی بێستانسوور و لایەنە ئەمنییەکانی پۆلیس و ئاسایشی ناحیەی عەربەت دەکات کە پاراستنی ئەمنیەتی پڕۆژەکەیان لە ئەستۆگرتووە.