ئەو گەنجەی لە ئیتالیا گیانی لەدەست دا
رووفاتی “هەردی كارۆخ” گەڕێندرایەوە كوردستان
964+
عەبدولعەزیز خالند
ئەمڕۆ شەممە 29.11.2025 رووفاتی گەنجێكی كورد خەڵكی دەڤەری راپەڕین گەڕێندرایەوە كوردستان و لە فڕۆكەخانەی هەولێر پێشوازی كرا، كە لە ساڵی 2024وە لە ئیتالیا گیانی لەدەستداوە.
پەیامنێری 964 لە فڕۆكەخانە لەگەڵ كارۆخ ئیسماعیل، باوكی گەنجەكە قسەی كرد و ئەویش سوپاسی خوا و حكومەتی هەرێم و تۆڕی 964ی كرد، كە هاوكاربوون بۆ هێنانەوەی رووفاتی كوڕەكەی.
هەردی كارۆخ دوای ئەوەی لە ئیتالیا لە 2024 گیانی لەدەست دا، لەوێ لە گۆڕستانێك بە ئەمانەت نێژرابوو، باوكی توانی بچێتە ئیتالیا و بیدۆزێتەوە و دوای هەوڵێكی زۆر توانرا ئەمڕۆ شەممە رووفاتەكەی بهێندرێتەوە.
كارۆخ ئیسماعیل وتی، جەرگی ئێمە سووتاوە، با جەرگی كەسی تر نەسووتێ و داوا دەكەم خەڵك رێگە نەدەن منداڵەكانیان رێگەی ئەوروپا بگرنەبەر، چونكە رێی هات و نەهاتە.
بڕیارە رووفاتی هەردی كارۆخ لە گۆڕستانی مێكوكە لە ناحیەی سەركەپكان لە رانیە دووبارە بە خاك بسپێردرێتەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا